بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەقی پەیامەکەی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح بە بۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی ئیمام خومەینی (رە) بەم شێوازەیە:
بسم الله الرحمن الرحیم
” بَلَىٰ مَنْ أَسْلَمَ وَجْهَهُ لِلَّهِ وَهُوَ مُحْسِنٌ فَلَهُ أَجْرُهُ عِندَ رَبِّهِ وَلَا خَوْفٌ عَلَیْهِمْ وَلَا هُمْ یَحْزَنُونَ ” صدق الله العلی العظیم
جارێکی دیکە بە بەرزڕاگرتنی ساڵیادی کۆچی دوایی ئیمامی شۆڕشگێڕان، سەرۆکی ئازادیخوازەکان، هاوڕێ و پاڵپشتی چەوساوەکان، ئیمام خومەینی (رە)، داخ و کەسەرێکی زۆر باڵ بە سەر دڵی ئیمانداراندا دەکێشێت، هەمان ئەو ئیمامە بێ هاوتایە کە ئەوپەڕی بیری و هزری خاوێن و هەڵسووکەوتی خۆڕاگرانەی لە خۆدا کۆکردبووە. بەڕێزیان لە نێو فەقییەکاندا، مەرجەع و لە نێو خوداناساندا، عارف و لە نێو سیاسەتمەداران، ڕێبەر و لە نێو خۆڕاگراندا، فیداکار و لە نێو ڕیفۆرمخوازاندا، دامەزرێبەر و لە نێو گەلیشدا وەک باوکێکی خەمخۆر بوون.
ئەم تێکۆشەرە گەورەیە کە سەرجەم چاکەکانی پێوە دەبینرا، کۆچی دواییان کرد و بەمەش نەک تەنیا بۆ بنەماڵەکەی سەروەت و سامانێکیان بە جێ نەهێشت، بەڵکوو بۆ گەلانی موسڵمان گەنجینەیەکی تەواونەکراویان بە یادگار هێشتەوە. ئەوان لە پاش خۆیان کۆمار ئیسلامی ئێرانیان وەک باشترین میرات لە کەسێکەوە بۆ گەل بە جێ هێشت کە خەیمەیەکی جیهانییە بۆ کۆکردنەوەی هۆگرانی دادپەروەری و کەرامەت و ئازادی، ئەمەش تێگەیشتوویی ئەو ئیمامەیە کە سەروەرییان بۆ موسڵمانان و دادپەروەری ئیسلامی و ئۆممەی ئیسلامی گەڕاندەوە.
بەم گۆڕانکارییە کەم وێنەیە، ئیمامی کۆچکردووە کاریگەرییەکی پیرۆز و دەرەوشاوەیان بە جێ هێشت و گەلانی موسڵمانیان لە خەو بێدار کردەوە و بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی ئەستەم بووە، ئیش و کارەکانیان ڕادەستی ئەوان کرد تا بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بەرەو پێش بڕۆن و ئامرازی ئەمەش بۆ گەیشتن بە سەروەری، دووربینی بە بێ هەڵە، پشوودرێژیی شکستنەخواردوو، هێز و بەرەوپێشچوون بەرەو داهاتووە.
بەم دەسکەوتە، ڕەوتی ستەمکاری جیهانی لە ڕووی ناچارییەوە دانی بە شکست و پاشەکشەدا نا، هەر بۆیە ڕێگایەکیان بەدەر لە خەونی ڕووخانی دەسەڵاتی ئیسلامی بە شەڕ، خیانەت، گەمارۆ و برسیکردنی خەڵک نەدۆزییەوە. ئەوان بەو خەونەیان نەگەیشتن و پێداگرییان لە سەر ئەم سیاسەتەش شکستی زیاتری بۆ ئەوان بە دواوە بووە.
و ئەمڕۆ ئێمە ساڵیادی کۆچی دوایی ئەم ئیمامە گەورەیە لە هەلومەرجێکدا بەرز ڕادەگرین کە کۆماری ئیسلامی ئێران بووەتە بەرەیەکی جیهانی لە بەرامبەر ڕەوتی ستەمکاری و سەنگەرێک بۆ خۆڕاگر کە سەرجەم چەوساوەکانی جیهانیان وەک مەکتەبێکی هەمیشە زیندوو بەرەو خۆی ڕاکێشاوە.
گەلی عێراق نزیکترین گەل بەم ڕووداوە پێشکەوتووە بوون کە زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکە هەستیان پێکرد و زیاتر لە هەر کەسێکی دیکە لایەنگری ئەم میراتە گەورەیە بوون. شەهید سەدر و ڕیزی یەکەمی ئیمانداران و تێکۆشەرانی وەفادار لەم ڕێگا ئیمانییەدا بەهێز و سەرکەوتوو بوون. ئێمە هەست بەوە دەکەین کە ڕۆحی هەمیشە زیندووی ئیمام خومەینی (رە) لە سەرجەم ئاسۆ ئیسلامییەکاندا بوونی هەیە و ئەو هیوایە بە لایەنگرانی دەدات کە سەرکەوتن و ڕزگاری نزیکە. سڵاو لە ئیمام خومەینی لە ڕۆژێکدا کە لە دایکبوون و لە ڕۆژێکدا کە کۆشی دواییان کرد و لە ڕۆژێکدا کە دیسانەوە زیندوو دەبنەوە. والسلام علیکم و رحمە اللە و برکاتەوە./.