بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیسماعیل نەجاڕ نووسەر و شرۆڤەکاری لوبنانی سەبارەت بە هەوڵەکانی تورکیا بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە ڕژێمی زایۆنیستی وتی: گەلی تورکیا دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانە لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، بۆ ئەمەش بە دڵنیاییەوە دەڵێم کە ئەم نزیکبوونەوەی ئەنکەرە لە تەل ئەبیب ناتوانێت کێشەکانی ئەردۆغان چارەسەر بکات.
ناوبراو وتی: هاوکاری و هەماهەنگی نێوان ئەنکەرە و تەل ئەبیب بەردەوام بە ئاشکرا و نهێنی هەبووە بەڵام گەلی تورکیا دژی ئەم هاوکاری و خیانەتەیە.
نەجاڕ سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنی شەڕی تورکیا لە دژی باکوری سوریا وتی: ئەردۆغان دەیەوێت تەنیا وڵاتێک بێت کە ڕۆڵی لە باکوری سوریا دەبێت، هەر بۆیە خیانەتیشی لە ڕێکەوتنەکانی لە سەر ئەم وڵاتە کردووە.
ئیسماعیل نەجاڕ وتی: سەرۆک کۆماری تورکیا دەیەوێت بوونی کوردە چەکدارەکانی سوریا وەک بیانوویەک بۆ هێرش و دەسدرێژییەکانی بۆ سەر ئەم وڵاتە بەکار بێنێت و لەم ڕێگایەوە کارتی گوشاری زیاتری سەبارەت بە سوریا و داهاتووی ئەم وڵاتە بە دەستەوە بێت.
وتیشی کە داگیرکردنی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی سوریا و بێبەشکردنی حکومەت و گەلی ئەم وڵاتە لە داهاتەکانی و هەروەها دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە ئەنکەرە لە سوریا بە گرنگترین ئامانجی ئەردۆغان لە پلانی هێرشەکەی سەر باکوری ئەم وڵاتە دادەنرێت.
ئەو شرۆڤەکارە لوبنانییە وتی کە هەڵەی کوردەکانی سوریا ئەوە بووە کە پشتیان لە حکومەتی دیمەشق کردووە و پەنایان هێناوەتە ئەمریکا کە تەنیا سەرچاوە سرووشتییەکانی ناوچەکانی ژێر دەستی ئەوان تاڵان دەکات و لە بەرامبەر هەڕەشە و هێرشەکانی تورکیاش پاڵپشتی لەوان ناکات.
ناوبراو وتی کە ساڵانێکە لە چەکی ئابوری و گەمارۆکان بۆ شکستی حکومەتی دیمەشق کەڵک وەردەگرن بەڵام ئاکامی نەبووە، ئەمەش لێکەوتەی هاوکاری کوردەکانە لە گەڵ ئەمریکا و ڕۆژێک تێچوو و باجی ئەم هاوکارییەش دەدەن./.