ئیمام خومەینی (رە) تەنیا وەک سیاسەتمەدارێکی گەورە و بەتوانا نەبوون بەڵکوو ڕێبەرێکی ئائینی بوون کە لە دڵی خەڵکانی موسڵمان لە ئێران و ناوچەکانی دیکەی جیهانیش شوێنی خۆیان کردووەتەوە، ئیمام لە سەردەمێکدا ئاڵای ئائینی لە ئێران و وڵاتانی ئیسلامدا بەرز کردەوە کە ڕەوتی ستەمکاری جیهانی ئەوپەڕی پیلانگێڕیی لە دژی موسڵمانان و وڵاتانی ئیسلامی جێبەجێ دەکرد.
یەکڕیزی ئیسلامی بە گەورەترین خەڵات و دیاریی ئیمام بۆ موسڵمانانی ئێران و جیهان دادەنرێت، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سی ساڵ بە سەر کۆچی دوایی ئەو ڕێبەرە گەورەیە، هێشتا وەک کەسایەتییەک و ئاڵاهەڵگری یەکڕیزی ئیسلامی ناویان دەبرێت.
پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی و بە پێی ئەو ئایدۆلۆژیایەی ئیمام خومەینی (رە) نەک تەنیا ڕێگری و بەربەستێک لە بەردەم کەمینە مەزهەبییەکان بە تایبەت موسڵمانانی سوننە لە ئێران نەبووە، بەڵکوو بە هەموو ئازادییەکەوە و بە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیرییەوە چالاکییەکان و ژیانی ئەوان دەستەبەر کراوە، لە ئێرانی ئیسلامیدا شێعە و سوننە وەک دوو برا پێکەوە بە ئاشتیانە ژیاون و پیلانگێڕییەکانی دوژمنان بە تایبەت ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بۆ تێکدانی ئەم پێکەوەبوون و یەکڕیزییە بەردەوام چارەنووسی شکست بووە.
ئیمام خومەینی تێڕوانینێکی یەکسانیان بەرامبەر بە سەرجەم دانیشتووانی وڵاتی ئێران هەبوو، ئەوان لە وتارەکانیان بەردەوام جەختیان لە سەر دابینکردنی هەلومەرجێکی گونجاو و خوازراو بۆ سەرجەم کەمینە مەزهەبی، ئائینی و نەتەوەییەکان دەکردەوە.
لە ڕاستیدا ئەوان پێیان وابوو کە جیاوازی لە نەتەوە و زمان و مەزهەب پەیوەندی بە مافەکانی خەڵکەوە نییە و ئەوان مافێکی یەکسانیان لە کۆمەڵگادا هەیە.
بۆ بەرگری لە موسڵمانانی جیهانیش دەتوانین ئاماژە بە دەستنیشانکردنی کۆتا هەینی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان وەک ڕۆژی جیهانی قودس بدەین کە لەو ڕۆژەدا خەڵکی موسڵمانی جیهان پاڵپشتی خۆیان بۆ گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین و قودسی داگیرکراو دەردەبڕن و بەمەش جەخت لەوە دەکەنەوە کە فەڵەستین و قودس تەنیا نییە و ڕۆژێک دەگات لە ژێر دەستی زایۆنیستەکان ئازاد بکرێتەوە.
ئیمام خومەینی (رە) ئەوەیان بۆ موسڵمانان سەلماند کە ئەگەر پشت بە تواناکانی خۆیان و یەکڕیزی نێوانیان ببەستن، هیچ کێشە و گرفتێک نییە کە چارەسەر نەکرێت و هیچ دوژمنێک نییە کە لە بەرامبەر هێزی موسڵماناندا تووشی شکست نەبێت.
ئەم ئایدۆلۆژیا پێشکەوتووەیە کە بووەتە نیگەرانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی و ڕەوتی ستەمکاری جیهانی بە گشتی، لە بەر ئەوەی کە دەسکەوتەکانی ڕۆژێک دەگات کۆتایی بە بوونی زایۆنیستەکان لە سەر خاکی فەڵەستین بێنێت و ئەمریکییەکانیش بە سەرشۆڕی ناوچەکە بە جێ بێڵن./.