بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتە بێ بنەماکانی ڕاگەێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی 152 ی وەزیرانی دەرەوەی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس، دووبارەکردنەوەی ئەم ڕاگەێندراوانەی بە پیشاندەری تێڕوانینی سەرتاسەر هەڵە و سەرلێشێواوی ستراتیژیی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندام لەو ئەنجومەنە ناو برد.
ناوبراو وتی کە دەرکردنی وەها ڕاگەێندراوێک بە پێچەوانەی ماف و بنەماکانی دراوسێبوونە و ئەنجامێکی بەدەر لە زیاترکردنی قەیرانەکانی ناوچەکە نابێت و دیارە کە بە ئامانجی بێ کاریگەرکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ دراوسێکان بە تایبەت لە گەڵ وڵاتانی دۆست و هاوبەش لە نێو ئەندامانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس دەکرێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لە سەر هەڵوێستی هەمیشەیی لە سەر دوورگەکانی ئەبوموسا، تونبی بچووک و گەورە کردەوە و بە بەشێکی دانەبڕاوی خاکی ئێران ناوی برد و ئیدانەی هەڵوێستی چەند وڵاتێکی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارسی کرد لە سەر ئەم پرسە.
خەتیب زادە وتی: ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس لە کاتێکدا بووەتە گەورەترین کۆگای چەکە قەدەغەکراوەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە پێگەیەکدا نییە باس لە پلانی مووشەکی و سیاسەتی بەرگری ئێران بکات.
ناوبراو وتی: حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێی تێڕوانینی ستراتیژی و سیاسەتە سەرەکییەکانی خۆی، بەردەوام ڕێگاچارەی کێشەکانی ناوچەکەی بە هاوکاری و پێکەوەبوونی وڵاتانی دراوسێ زانیوە و پێشوازیشی لە هەر دەستپێشخەرییەکی ئیجابی لە سەر گەشەپێدانی پەیوەندییەکان بە پێی یاسا و بنەمای نێودەوڵەتی کردووەتەوە./.