بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆیتەرز لە سەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە کە هەرچەند بڕیاری کۆتایی بۆ ئەم سەردانە نەدراوە، بەڵام بەرنامەی وەها سەردانێک لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی گرووپی 7 لە ئەڵمانیا و کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە ئیسپانیا گەڵاڵە کراوە.
میدیاکانی ئەمریکاش ڕایانگەیاندووە کە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە ئەمریکا بووەتە هاندەری سەردانەکەی بایدن بۆ ناوچەکە بە تایبەت سعوودیە.
بایدن بڕیارە سەرۆکی وڵاتانی سعوودیە، بەحرەین، کوێت، قەتەر، عۆمان و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کۆببێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی ئەسۆشێتدپرێس لە سەر زاری چەند سەرچاوەیەکی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە بایدن لە سەردانەکەی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە گەڵ سەرۆکی وڵاتانی عێراق، میسر و ئەردەنیش کۆببێتەوە.
بڕیارە بایدن لە سەردانەکەی بۆ سعوودیە لە گەڵ محەممەد بن سەلمان جێنشینی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە و هەروەها سەردانی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستینیش دەکات و لە گەڵ نەفتالی بنێت سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی کۆدەبێتەوە./.