بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەڵامی پەیوەندییەکی تەلەفوونی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، خۆشحاڵی خۆیی لە هەنگاو و بەرەوپێشچوونی گەلی عێراق و هەروەها هاوکاری لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەربڕی و وتی کە پەسەندکردنی یاسای قەدەغەکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە هەنگاوێکی پیرۆزە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها بە ئاماژە بە کێشەی خۆڵبارین لە عێراق و ئێران، وتی: گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا پەیوەندی بە وڵاتێکی تایبەتەوە نییە و سنورەکان دەبڕێت بەڵام ئەمڕۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم کێشەیە بووەتە خواستێکی هاوبەشی ناوچەیی و چاوەڕوان دەکرێت سەرجەم وڵاتانی ناوچەکەش ئەرکی خۆیان لەم پێناوەدا جێبەجێ بکەن.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا، ستایشکردنی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراقی لە لایەن ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی وەک پشتگیرییەک بۆ گەل و حکومەتی وڵاتەکەی ناو برد و وتی: فەڵەستین نەک تەنیا کێشەی موسڵمانان، بەڵکوو کێشەی ئازادیخوازانی جیهانە و حکومەت و پەرلەمانی عێراق کۆمەڵە بڕیار و هەنگاوێکیان بۆ پاڵپشتی لە گەلی فەڵەستین هەبووە.
ناوبراو بە ئاماژە بە چاوپێکەوتنی لە گەڵ سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی ئێران، وتی: لە وتووێژەکانی بەڕێز سەلاجقە لە گەڵ بەرپرسانی عێراقی بڕیار دراوە کە هاوکاری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کێشەی خۆڵبارین لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێکی هاوبەش کاری لە سەر بکرێت./.