بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەیوان کاشفی لە کۆنفرانسی گەشەپێدانی ئابوریی ئێران و سوریا وتی: بە هەوڵی بەرپرسان و کەرتی تایبەتی هەر دوو وڵات گەیشتووینەتە ئەنجامی باش کە گەشەی لە سەدا 60 ی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و زیاتربوونی هەناردەی ئێران لەو ئەنجامانەیە.
ناوبراو وتی کە ئاست و دەفرایەتی توانا بازرگانییەکانی هەر دوو وڵات یەک ملیار دۆلار نییە، گەیشتن بەم ئامانجە دوور نییە بەڵام لە ئەگەری چارەسەرکردنی کێشە بازرگانییەکان دەتوانین بۆ گەشەپێدانی بەربڵاوی پەیوەندییە بازرگانییەکان هەنگاو بنێین.
کاشفی بە ئاماژە بەوەی کە بە هەنگاوەکانی هەر دوو وڵات بەشێکی زۆری نیگەرانییەکان چارەسەر کراوە و بازرگانی ئاسانتر بووە، وتی: بەشێکی دیکەی ڕێکەوتنەکان بەرەو جێبەجێکردن دەڕۆن کە ئەگەر بگەنە ئەنجام، بەستێنی پێویست بۆ زیاتربوونی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان دابین دەکەن.
سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران سوریا بە ئاماژە بەوەی کە ئەرکی ژوورە بازرگانییەکانە حەز و خواستی بازرگانەکان بکەنە گەشەی ئابوری، وتی: هاندەرێکی ڕاستەقینەی بەرزکردنەوەی ڕێژە و ئاستی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان، دابەزاندنی باجە گومرکییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتە و ئێران و سوریا خوازیاری ئەوەن تا لەم بوارەدا هەندێک تایبەتمەندی لە بەرچاو بگرن و ئەمەش دەتوانێت ئاسانکاری بۆ چالاکییە ئابورییەکان بکات.
ناوبراو وتی: ئێران لە وەبەرهێناندا بەتوانایە و ئەم دۆخەش لە سوریا دەبینرێت و لە ئەگەری هاوکاری هەر دوو وڵات پاش چارەسەرکردنی کێشەکان، ناوچەکە دەتوانێت لە بەرهەمەکانی ئەم دوو وڵاتە کەڵک وەربگرێت.
کاشفی لە کۆتاییدا وتی: ناوچەکە مافی ئێمەیە و دەتوانین زیاترین کەڵک لە بازاڕەکانی وەربگرین و هیوادارین ئەمە بە زووترین کات مسۆگەر ببێت./.