بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، موبارەک ئەلعاتی نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی لە سەر ئەم پرسە ڕایگەیاند: ئێران و سعوودیە زیاتر لە یەک ساڵە، پێنج گەڕی دانوستانیان لە ئاستی ئەمنی لە بەغدا و بە نێوەندگێڕی حکومەتی عێراق بەڕێوە برد کە ئەمەش پیشان دەدات هەر دوو وڵات لە ڕاستیدا بەرەو پێش هەنگاو دەنێن بەڵام بە هۆی نەبوونی متمانەی دوو لایەنە، ئەم پرۆسەیە بە خاوی بەڕێوە دەچێت.
ناوبراو بە پێگەی عەرەبی 21 ی ڕاگەیاند: بەڵام دەسکەوتەکانی گەڕی پێنجەمی دانوستانەکان کە لە چوارچێوەی بەڵگەیەکی 10 خاڵیدایە، ئاسۆی بەرەوپێشچوونێکی ڕاستەقینە بوو و مزگێنی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هەر دوو وڵاتی لە بەغدا یان مەسقەت لە داهاتوویەکی نزیک دەدا کە ئەم کۆبوونەوەش دەتوانێت بگاتە وەرزێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوانیان کە لە ساڵی 2016 تا ئێستا پچڕاوە.
بە وتەی ئەلعاتی، لێدوانی بەرپرسانی هەر دوو لا پیشاندەری ڕەزامەندی ئەوانە لە دانوستانەکان و هیوایەکی بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی داهاتووی دانوستانەکانیش هێناوەتە پێشەوە، بە شێوازێک کە ئەم هیوایە گەیشتووەتە چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعوودیە. لێدوانی وەزیرانی دەرەوەی هەر دوو وڵاتیش پیشاندەری ئیرادەی ئەوانە بۆ بەردەوامی دانوستانەکان بەڵام هێشتا کەشێکی بێ متمانەیی باڵی بە سەر پەیوەندییەکاندا کێشاوە و ئەمەش بووەتە بەربەستێک بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و ڕاسپاردەی دانوستانەکانی ڕابردوو.
وتیشی کە چاوەڕوان دەکرێت وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعوودیە لە گەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی حەج کۆببنەوە و ئەمەش دەتوانێت شانسی گەیشتن بە ڕێکەوتن زیاتر بکات.
تەلال عەتریسی کە شرۆڤەکارێکی سیاسییە، پێی وایە کە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ڕیاز بەرەو باشتربوون دەڕوات، ئەگەرچی ڕەوتی دانوستانەکان خاوە و کۆبوونەوەکان لە ماوەیەکی زۆردا بەڕێوە دەچن، ئەمەش بە پێی ئاڵۆزییەکانی ساڵانی ڕابردوو، بێ متمانەیی و ناکۆکییەکانی نێوانیان تا ڕادەیەک ئاساییە.
ناوبراو وتی کە ناوچەکە بووەتە گۆڕەپانی هاوکێشەی نوێ کە پێویستی بە گۆڕینی تێڕوانینی ئەم دوو وڵاتە هەیە.
عەتریسی وتی: ئێران بەردەوام باس لە ئامادەیی خۆی بۆ هەبوونی پەیوەندییەکی باش لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ دەکات. سەرجەم بەرپرسانی باڵای ئێران، سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە، ڕایانگەیاندووە کە باشترکردنی پەیوەندییە ناوچەییەکان و ئاسایشی کەنداوی فارس بە بێ بوونی بێگانەکان وەک ستراتیژێکی تاران دیاری کراوە.
وتیشی کە سعوودیە متمانەی جارانی بە ئەمریکا نەماوە و لە ئەزموونی ئەفغانستان ئەوەیان دەست کەوتووە کە واشنتن هێندە بەڵێنی پاڵپشتی لە دۆستان و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە نییە، هەر بۆیە ڕیاز بیری لەوە کردووەتەوە کە بە پێی گۆڕانکارییەکانی جیهان و نەبوونی بەرچاوڕوونی لە سەر گۆڕانکارییەکانی داهاتوو، پەیوەندی لە گەڵ ئێران زیاتر لە پشت بەستن بە پاڵپشتی ئەمریکا دەتوانێت ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دابین بکات.
تەلال عەتریسی وتی: جێنشینی سعوودیە ڕایگەیاندووە کە ئێران دراوسێی ئێمەیە و دەبێت پێکەوە هاوکاری بکەین، فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتەش ڕایگەیاندووە کە هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئێران دەدەین. هەر بۆیە دەتوانین بەو ئەنجامە بگەین کە لە پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز دۆخەکە لە ڕاستەڕێگای ئەرێنیدایە.
هەروەها جۆرجیۆ کافیرۆ بەڕێوەبەری سەنتەری لێکدانەوەی دۆخی وڵاتانی کەنداوی فارس لە واشنتن، وتی: بە دابەزینی متمانەی سعوودییەکان بە ئەمریکا و نەبوونی کاراکتەرێکی نێودەوڵەتی بەهێز بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نەمانی ئەمریکا لەم ڕۆڵ و پێگەدا، ڕیازی گەیاندووەتە ئەوەی کە هەبوونی پەیوەندی دیپلۆماسی لە گەڵ تاران زیاتر دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی دابین بکات.
ناوبراو وتی کە دۆخی ئێستای یەمەن بۆ سعوودیە و پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران گرنگە، ئەگەر ئاگربەست بەردەوام بێت، دەتوانێت هێمایەک بۆ ئەگەری باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم تاران و ڕیاز بێت.
ئەو شرۆڤەکارە وتی کە کابینەی ئێستای ئێران بەدەر لە چارەنووسی نادیاری دانوستانەکانی ڤیەننا، دەیەوێت پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت سعوودیە بەرەو باشتربوون ببات./.