بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گەشتیاری لە جیهاندا بە پیشەسازییەکی پاک ناو دەبرێت کە یارمەتیدەری ئابوریی نیشتمانی و دابینکردنی بەردەوامی داهاتی هەر وڵاتێک دەبێت و دەتوانێت لەو وڵاتانەش بودجەیان بەسراوەی نەوتە، یارمەتیدەری ئەوە بێت کە هێندە لە ژێر کاریگەری قەیرانە جیهانییەکاندا نەبن.
عێراق لەو وڵاتانەیە کە توانایەکی زۆر لە بواری گەشتیاری مێژوویی و ئائینی هەیە و کەرتی گەشتیاری ئەم وڵاتە دەتوانێت یارمەتیدەری حکومەت بۆ دابینکردنی بودجە و پاڵپشتی لە داهاتە نیشتمانییەکانی بێت.
پرۆژەکانی حکومەت
وەزارەتی گەشتیاری و ئاسەوارە مێژووییەکانی عێراق هیوای بەوە هەیە کە ڕۆڵی گرنگی لە چالاککردنەوەی کەرتی گەشتیاری لەم وڵاتەدا هەبێت بەڵام بە مەرجێک کە لە بودجەی ساڵانەی عێراق، بودجەیەکی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی کەرتی گەشتیاری بە تایبەت لە پاش قەیرانی کۆرۆنا تەرخان بکرێت.
قاسم سودانی جێگری وەزیری گەشتیاریی عێراق بە کەناڵی جزیرەی ڕاگەیاند کە پرۆژەکانی کەرتی گەشتیاری لە ئێستادا بریتییە لە نۆژەنکردنەوە و پاراستنی ئاسەوارە مێژووییەکان و بانگەشە و ڕێکلامی پێویست بۆ ڕاکێشانی گەشتیارێکی زیاتر و ئامادەکردنی مۆزەخانەکان لە پارێزگا جیاجیاکان و هەروەها پرۆژەی درووستکردنی مۆزەخانەیەکی گەورە لە گەڵ ئەو مۆزەخانە نیشتمانییە کە لە بەغدا هەیە.
بە وتەی سودانی، ئەم پرۆژانەش بەهێزکردنی کەرتی گەشتیاریی ئائینی و هاوکاری لە گەڵ کەرتی تایبەت لە خۆ دەگرێت.
کەمتەرخەمی حکومەت
لە لایەکی دیکەوە، مقدام شیبانی ئەندامی ئەنجومەنی ئابوریناسانی عێراق لەو بڕوایەدایە کە وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاریی ئەم وڵاتەدا لاوازە و کەمتەرخەمی حکومەت کاریگەریی لە سەر داناوە، لە بەر ئەوەی کە کەشی وەبەرهێنانی عێراق بە هۆی کەمتەرخەمی حکومەت لە دابینکردنی ژێرخانەکانی وەک کارەبا لاوازییەکی زۆری پێوە دەبینرێت و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بە تایبەت وشکەساڵییەکان و کێشەی ئاو لە هۆکارە کاریگەرەکانی دیکەی لاوازبوونی ئەم کەرتەن.
ناوبراو ڕایگەیاند کە عێراق لە کەرتی گەشتیاریدا وەک وڵاتێکی دواکەوتووە و تێچووی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی گەشتیاری لە لایەن کەرتی تایبەتەوە بەراورد بە وڵاتانی دیکە زۆرە و بەدەر لەمەش ناسەقامگیری سیاسی لە عێراقدا کاریگەریی لە سەر کۆی گشتی پرۆژەکان داناوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی جیهانیی گەشتیاری کە لە ساڵی 2020 بڵاو کرایەوە، عێراق لە ساڵی 2019 میوانداریی لە یەک ملیۆن و 518 هەزار گەشتیار کردووە و بەم بۆنەوە لە نێو 17 وڵاتی عەرەبی لە پلەی 13 و لە سەر ئاستی جیهانیش لە پلەی 98 ی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین گەشتیاریان هەبووە.
جوڵەی کەرتی گەشتیاری
سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان وەک هاندەرێک بۆ سەردانیکردنی گەشتیارانی بیانی بۆ عێراق دادەنرێت، بە تایبەت بەسەرکردنەوەی شاری مێژوویی ئور لە پارێزگای ناسریە.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، عامر عەبدولڕەزاق شارەزا لە کەرتی گەشتیاریی عێراق ڕایگەیاندووە کە لە پاش سەردانەکەی پاپا بەردەوام گرووپە گەشتیارییەکانی ئەورووپا، ئاسیا و ئەمریکا زیقار بە سەردەکەنەوە و سەردانەکەی پاپا کاریگەری ئەرێنی خۆیی داناوە./.