بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، خۆڕاگری لوبنان لە ساڵی 2000 ئەو ڕاستییەی سەلماند کە سوپای ڕژێمی زایۆنیستی سوپایەکی شکستخواردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر، زایۆنیستەکان وەها بانگەشەیان دەکرد کە تەنانەت بەهێزترین سوپاکانی جیهانی عەرەبیش توانای ڕوبەڕوبونەوە و شکستی ئەوانی نییە. خۆڕاگری هەروەها ئەوەی سەلماند کە چۆن بە کەمترین ئیمکانیاتەوە دەکرێت گەورەترین دەسکەوت مسۆگەر بکرێت.
ئەوەی کە خۆڕاگری لوبنان لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی مسۆگەری کرد بووە هۆی ئەوەی کە هەندێک لە سەرکردەکانی جیهانی عەرەب لە بەرامبەر هاووڵاتی و گەلەکەی خۆیان تووشی کێشە بن. خۆڕاگری لوبنان دۆڕاوەکانی عەرەبی لە بەرامبەر گەلەکانیان ڕیسوا کرد.
لە هەمان کاتدا، دەبێت بوترێت کە خۆڕاگری لوبنان بە سەرکەوتنی خۆی لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی، پرۆژەی دامەزراندنی ” ئیسرائیلی گەورە ” ی تووشی شکست کردەوە. ئەمەش خەونێکی گەورە بۆ زایۆنیستەکان بوو. سەرەڕای ئەمەش، بە ووشیاری و هەنگاوی جیدی خۆڕاگریی لوبنان ئەو پرۆژەیە پووچەڵ کرایەوە و پەیامی ئەوەش درایە زایۆنیستەکان کە ناتوانن لەو ناوچە و خاکەی مافی ئەوان نییە، ئاسایشیان هەبێت.
بە پێی ئەوەی کە باس کرا، ناتوانین سەرکەوتنەکەی ساڵی 2000 ی خۆڕاگری لوبنان بە سەرکەوتنێکی ئاسایی ناو ببەین و ڕۆژی 25 ی ئایار وەک ڕۆژێکی سادە و ئاسایی باس بکەین. ئەم سەرکەوتنە زامێکی هەمیشەیی خستە سەر جەستەی زایۆنیستەکانەوە. سەرکەوتنی خۆڕاگری لە بەرامبەر زایۆنیستەکانیش لە ساڵی 2006 بووە هۆی زیاتربوونی ڕێژەی دەسکەوتەکانی خۆڕاگری لە بەرامبەر ڕژێمی کاتیی زایۆنیستی.
لە ساڵی 2006 خۆڕاگری لوبنان جارێکی دیکە لەوەدا سەرکەوتوو بوو شکستێکی گەورە بە سەر زایۆنیستەکاندا بسەپێنێت. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە ڕژێمی زایۆنیستی چ لە شەڕی ساڵی 2000 و چ لە شەڕی ساڵی 2006 پاڵپشتییەکی گەورەی نێودەوڵەتیی هەبوو. ئێستا دەتوانین بڵێین کە لێدوانەکەی سەید حەسەن نەسروڵڵا ڕاستییەکەی بۆ هەمووان ئاشکرا بوو کە باس ئەوەی کرد ڕژێمی زایۆنیستی لەوە لاوازترە کە دەبینرێت.
لە ڕۆژی 25 ی ئایاری ساڵی 2000 هەمووان لە جیهاندا ئەوەیان بۆ ڕوون کرایەوە کە بەرەی خۆڕاگری لە تارانەوە تا دیمەشق و بەیروت، بەرەیەکی یەکگرتوو و ڕاستگۆیە. هەمووان بەوە گەیشتن کە بەرەی خۆڕاگری بە هیچ شێوازێک زوڵم و زۆری دوژمنی ستەمکار قبووڵ ناکات. هەر بۆیە، دەتوانین 25 ی ئایاری ساڵی 2000 بە خاڵێکی وەرچەرخان ناو ببەین، خاڵێکی وەرچەرخان بۆ کۆتایی هێنان بە سەردەمی زۆربێژی. پاش ساڵی 2000 سەردەمی مسۆگەربوونی سەرکەوتنەکان لە بەرامبەر ڕژێمی کاتیی زایۆنیستی دەستیپێکرد./.