بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڤەنزولیا لە کاتێکدا باس لە زیندوبوونەوەی کەرتی ئابوریی خۆی دەکات کە نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە ڕایگەیاندووە هێشتا ڕێگایەکی زۆر لە بەردەمدا ماوە.
ئەم وڵاتەی ناوچەی کارائیب لە ساڵی 2017 ڕوبەڕوی قورسترین سزاکانی ئەمریکا بووەتەوە. حکومەتی ڤەنزولیا تا ئێستا ڕوبەڕوی 500 بڕیار و هەنگاوی سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا بووەتەوە و ئەمەش وایکردووە کە خەڵکەکەی لە سەدا 99 ی داهاتی خۆیان بێبەش بن.
بە وتەی مادۆرۆ، ساڵی 2021 یەکەم ساڵی گەشەی ئابوری ڤەنزولیا لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی ئابوریی ئەمریکا بووە. لەم وڵاتەدا چیدی وەک ساڵانی ڕابردوو بەڕیزبەستنی خەڵک بۆ کڕینی پێداویستییە سەرەکییەکان هاوشێوەی ساڵانی 2017 تا 2018 نابینرێت، ئەوەی کە لە سەر کەمبوونی مادە خۆراکییەکان یان دەرمان دەبینرا.
ڕاگەیاندنی حکومەتی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆبایدن سەبارەت بە هەڵوەشانەوە یان کەمکردنەوەی بەشێک لە گەمارۆکان و موڵەتی کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا و ئەورووپا بۆ دانوستان و دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانیان لە ڤەنزولیا، چەشنێک دڵنیایی بۆ ڕەوتی گەشەی ئابوری ئەم وڵاتە بە دواوە بووە. بەدەر لەمەش، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا موڵەتێکی سنورداری دەرکردووە تا کۆمپانیای نەوتیی ئەمریکا بە ناوی شورۆن سەبارەت بە ئەگەری چالاکییەکانی داهاتووی لە ڤەنزولیا دانوستان بکات.
خسوس فاریا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزولیا کە هاوکات سەرۆکی لێژنەی ئابوری و دارایی پەرلەمانە، پێ وایە کە هەڵگرتنی گەمارۆکان دەگاتە گەشە و پێشکەوتنی وڵاتەکەی.
ناوبراو وتی: ئەگەر گەمارۆکان کەم بکرێنەوە یان تەواو هەڵبوەشێتەوە، ئەوەی کە ئێمە داوای دەکەین، دەفرایەتی گەشە و پێشکەوتنی کارگە وەبەرهێنەرەکانی ئێمە زیاتر دەبن، لە بەر ئەوەی کە ئەمە سیاسەتێکی کۆمەڵکوژییە و بە نایاسایی لە لایەن حکومەتێکی ستەمکارەوە جێبەجێ دەکرێت.
ماوەی چەند ڕۆژێک بە سەر هەڵوەشانەوەی بەشێک لە سزاکانی ئەمریکا تایبەت بە پیشەسازی نەوتی ڤەنزولیا کە لە لایەن حکومەتی نیکۆلاس مادۆرۆوە پشتڕاست کراوەتەوە، تێپەڕ دەبێت بەڵام هیچ لایەنێک وردەکاریی تایبەت بە دەستپێکردنی چالاکییەکانیان بڵاو نەکردووەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی بلۆمبێرگ، خەمڵاندنی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک سپاڵ (لێژنەی ئابوریی ئەمریکای لاتین و کارائیب) و ڕێکخراوێکی سویسرا پیشان دەدات کە گەشەی ئابوریی ڤەنزولیا ئەمساڵ لە نێوان لە سەدا 5 تا 20 دەبێت.
فاریا جەختیکردەوە کە ئەگەر موڵەتی هەناردەی ئازادانەی نەوت بە ئێمە بدەن و سنوردارکردنی کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان تەواو ببێت، گەشەی ئابوری ڤەنزولیا بەرچاو دەبێت.
محەممەد بارکیندۆ ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) لە میانەی سەردانێکی ئەم دواییەی بۆ ڤەنزولیا ڕایگەیاند کە پیشەسازی نەوتیی ڤەنزولیا دوو ساڵە بەرەو باشتربوون دەڕوات.
بە پێی ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندیی ڤەنزولیا، ئەم وڵاتە لە ساڵی 2021 لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە لە پاش چوار ساڵ لە هەڵئاوسانی کەم وێنە ڕزگار بێت و بۆ ماوەی 12 مانگ بگاتە هەڵئاوسانی لە سەدا کەمتر لە 50. داتاکانی بانکی ناوەندیی ڤەنزولیا پیشان دەدات کە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2020 دوایین مانگی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە سەدا زیاتر لە 50 بووە.
ستراتیژی ئابوریی حکومەت
بۆ زیندووکردنەوەی ئابوریی ڤەنزولیا، حکومەتی ئەم وڵاتە بڕیاری داوە لە لە سەدا 5 تا 10 پشکی کۆمپانیا حکومییەکان بخاتە بۆرسەوە.
بە وتەی فاریا، ئەم بڕیارەش پیشاندەری ئەوە نییە کە کۆمپانیا حکومییەکانی ڤەنزولیا بە تەواوی دەدرێنە کەرتی تایبەت.
ناوبراو جەختیکردەوە کە ئەمە پرۆسەیەکی بە کەرتی تایبەتکردن نییە، ئەم پرۆسەیەکی تێکەڵاوکردن، بەهێزکردن و کەڵک وەرگرتنە لە هەلومەرجەکان بۆ بەهێزکردنی کەرتی وەبەرهێنان لە نێو ئەو هەموو کێشەیە کە لە ئێستادا دەبینرێت.
وتیشی کە دۆخەکە وەها دەرفەتێک دەداتە کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی داهاتی خۆیان زیاد بکەن و هەنگاو بەرەو گەشە و وەبەرهێنانی زیاتر بنێن.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی ڤەنزولیا، سەقامگیری ئابوریی بە بەستێنی گەشەی هەمەلایەنەی وڵاتەکەی ناو بردوووە و ڕایگەیاندووە لەم پێناوەدا دوو ڕەهەندی سەرەکی بوونی هەیە: یەکەم: ڕەهەندی ئابوری و پاراستن و بەردەوامبوونی و ئەوەی کە وەبەرهێنان و داهاتی وڵات زیاتر بکرێت. دووەم: ڕەهەندی دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئەو داهاتانە لە نێو خەڵک و ئەمەش یەکێک لە گەورەترین دەسکەوتەکانی شۆڕش بووە.
هاوکات لە گەڵ گەشەی ئابوری، نیکۆلاس مادۆرۆ بەڵێنی ئەوەی داوە کە مووچەی کرێکارەکان باشتر بکرێت، ئامانجێک کە دڵنیایی لە سەر داوە و ڕایگەیاندووە کە هیچ کەسێک ناتوانێت ڕێگریی لێبکات.
ڤەنزولیا سەردەمێک دەوڵەمەندترین وڵاتی ئەمریکای باشور بووە. لە ساڵانی ڕابردوو سەرەڕای هەبوونی گەورەترین یەدەکی نەوتی جیهان (زیاتر لە 300 ملیار بەرمیل) لە پلەی دوانزەیەمین وڵاتی هەناردەکار لە ساڵی 2017 گەیشتە پلەی 21 ی وڵاتانی وەبەرهێنەر و هەناردەکاری نەوت لە ساڵی 2019 لە سەر ئاستی جیهان.
سەرەڕای گەمارۆکانی ئەمریکا، ڕاپۆرتی مانگانەی بازاڕی نەوتی ئۆپێک بۆ کانوونی یەکەمی 2021 پیشان دەدات کە ڤەنزولیا بە شێوازی مامناوەند ڕۆژانە 824 هەزار بەرمیل نەوتی لە مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵەوە بەرهەم هێناوە.
لوتکەی وەبەرهێنانی نەوتی ڤەنزولیا بۆ ساڵی 1970 و ڕۆژانە 3 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل دەگەڕێتەوە. هەروەها لە مانگی حوزەیرانی 2020 لە ژێر کاریگەری هەنگاوەکانی ئەمریکا بۆ پچڕانی تەواوی هەناردەی نەوتی ئەم وڵاتە، گەیشتە ڕێژەی وەبەرهێنانی ساڵی 1934، واتە 339 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە کە ڕێژەی دانیشتووانی ڤەنزولیا لەو کاتەدا یەک لە سەر دەی ڕێژەی ئێستای دانیشتووانی ئەم وڵاتە بووە.
ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی ئۆپێک لە میانەی وتارێکی لە دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری ڤەنزولیا لە شاری کاراکاس وتی: ئێوە لەوەدا سەرکەوتوو بوون کە لە ماوەیەکی کەمدا، تەنیا لە دوو ساڵ، پیشەسازی نەوتی خۆتان نۆژەن بکەنەوە و من ئەوەم بینی کە کارگەکانتان بە باشی چالاکی دەکەن، ئەوەم بینی کە ئەوان چۆن وەبەرهێنانی خۆیان لە نزمترین ئاستەوە گەیاندووەتە نزیک یەک ملیۆن و تا کۆتایی ساڵیش بەرەو وەبەرهێنانی دوو ملیۆن بەرمیلی هەنگاو دەنێن./.