بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاردانەوەی بەرامبەر بە پەسەندکردنی یاسای بە تاوان ناساندنی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، ڕایگەیاند کە ئەمریکا لە پەسەندکردنی ئەم یاسایە لە پەرلەمانی عێراق نیگەرانە.
ناوبراو وتی کە ئەم یاسایە بەدەر لە مەترسییەکانی بۆ سەر ئازادی ڕادەربڕین، کەشێکی دژ بە جولەکەکان دەڕەخسێنێت و ئەمەش لە گەڵ ئەو بەرەوپێشچوونەی وڵاتانی دراوسێی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئیسرائیل یەک ناگرێتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە واشنتن درێژە بە پاڵپشتییەکانی لە ئیسرائیل بە تایبەت لە بواری پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە دەدات.
پەرلەمانی عێراق ڕۆژی پێنج شەممە 26 ی ئایاری 2022 بە کۆی دەنگ هەر پەیوەندییەکی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بە تاوان ناساند./.