محەممەد حوسێن توێژەری ئابوری لە ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکارییە سیاسییەکان لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و گازی هەرێم و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق، وتی: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق بە تەواوی یاساییە لە بەر ئەوەی کە بە پێی دەستوور دانراوە و ناکرێت تانەی لێبدرێت بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کە بڕیارەکان لە عێراق سیاسین و ئەوەمان بینی کە لە ماوەکانی ڕابردوو ئەم دادگایە سەبارەت بە مادەی 140 لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا و لایەنی عێراقیش تا ئێستا جێبەجێی نەکردووە، ئێستاش کە بڕیاری تایبەت بە دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی دەرکردووە و داوا دەکات ئەو دۆسیەیە ڕادەستی بەغدا بکات، هەرێمیش ڕازی نییە، بە واتایەکی دیکە هەر دوو لا بەو بڕیارانە ڕازی نین کە لە بەرژەوەندییان نەبێت.
ناوبراو وتی: ساڵی 2015 حکومەتی عێراق سکاڵایەکی تۆمار کرد لە دادگای ناوبژیوانی ژووری بازرگانی پاریس لە دژی حکومەتی تورکیا. لەو سکاڵایە لایەنی عێراقی داوای 25 ملیار قەرەبوو دەکات لە بەر ئەوەی کە ئەنکەرە ڕێگای بەوە داوە حکومەتی هەرێم لە ڕێگای بۆری عێراق – تورکیاوە نەوت هەناردە بکات بۆ بەندەری جەیهان و تا ئێستاش سکاڵاکە یەکلایی نەبووەتەوە و ڕەنگە گرفتی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان درووست ببێت و کاریگەری لە سەر پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیاش دابنێت، ئەگەر بە پێچەوانەش ئەنجامی سکاڵاکەش لە بەرژەوەندی عێراق نەبێت یەوا چاوەڕوان دەکرێت عێراق هەنگاوی دیکە بگرێتەبەر.
محەممەد حوسێن وتی: بەرژەوەندی عێراق و هەرێم لەوەدایە کە لە سەر پرسی نەوت و گاز بگەنە ڕێکەوتن بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کە هەر دوو لا ڕێکەوتنیان بە جۆرێک دەوێت کە لە بەرژەوەندی خۆیاندا بێت و تا ئێستاش نەگەیشتوونەتە ڕێکەوتنێک کە هەر دوو لای تێدا براوە بن، ئەمەش خاڵی لاوازی نێوان هەولێر و بەغدایە و تا ئێستاش ئەم گرفتە درێژەی هەیە و جۆرێک لە بنبەست لەم دۆسیەدا دەبینرێت. وەزارەتی نەوتی عێراق داوای لە کۆمپانیا نەوتییەکان کردووە کە مامەڵە لە گەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکاندا نەکەن و حکومەتی هەرێمیش بەو داوایەی بەغدا ڕازی نەبووە. حکومەتی عێراق دەیەوێت کۆمپانیایەکی نەوتیی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دابمەرزێنێت و بنکەکەشی لە هەولێر بێت بەڵام لە ژێر فەرمانی وەزارەتی نەوتی عێراقدا بێت و لەو ڕێگایەوە بەشە بودجە و داهاتەکان بە هەرێمی کوردستان دەدات، هەرێم بەو داوایە ڕازی نییە و متمانەی بە حکومەتی عێراق نییە و پێی وایە کە مەبەستێکی سیاسی لە پشت بڕیارەکەوەیە.
ئەو توێژەرە ئابورییە لە کۆتاییدا وتی: هەرێمی کوردستان کاتێک دەتوانێت بە پێی یاسا کێشەکانی لە گەڵ بەغدا چارەسەر بکات کە یاسای نەوت و گازی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق پەسەند بکرێت و بە پێی ئەو یاسایە دەسەڵاتی هەرێمەکان لە بەڕێوەبردنی نەوت و گازی خۆیاندا دیاری بکرێت و لەو کاتەدا هەولێر دەتوانێت پابەندی بڕیارەکانی بەغدا بێت. دەرکردنی ئەو یاسایەش ئاسان نییە لە بەر ئەوەی کە لە ساڵی 2008 تا ئێستا بە هۆی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداوە دەرنەکراوە و هەر دوو لاش توانای دەستپێشخەرییان نییە چارەسەرێکی گونجاو بۆ گرفتەکانی نێوانیان بدۆزنەوە.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد