بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەنگە جێی بڕوا نەبێت کە شا عەباسی سەفەوی هێندە ڕقی لە تاران بووە کە لە میانەی ساڵانی حکومەتەکەی تەنیا یەک جار سەردانی ئەم شارەی کرد. ئەو کاتەش کە بە ناچار دەبوایە سەردانی تارانی بکردایە، لە دەرەوەی شارەکە دەمایەوە و هیچ کات نەدەچووە ناوی شاری تاران.
چیرۆکی ئەوەش کە شا عەباسی سەفەوی حەزی لە تاران نەبووە و تەنیا یەک جار بۆ یەکەم و دوایین جار سەردانی تارانی کردووە، لە سەفەرنامەکەی پیترۆ دلاواڵەدای ئیتالیدا هاتووە، ئەو کە سەردانی زۆری وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەکرد لە سەفەرنامەکەیدا گرنگترین هۆکارەکانی سەردانەکەیی بۆ ئێران ڕوون کردووەتەوە.
ناوبراو کەسێکی مەسیحی بووە و لە بەر ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە مەسیحییەکان لە لایەن عوسمانییەکانەوە کوژران، پاش بیستنی هەواڵی خۆڕاگری شا عەباس لە بەرامبەر سوپاکەی عوسمانی، بۆ چاوپێکەوتنی شا عەباس سەردانی ئێرانی کرد. دلاواڵە لە ڕوونکردنەوەی هۆکارەکانی سەردانەکەی بۆ ئێران باسی ئەوەیکردووە کە تەنانەت ویستی ئەوەی هەبووە پاش چاوپێکەوتنی شا عەباس، شان بە شانی سەربازە ئێرانییەکان لە شەڕی دژ بە سوپای عوسمانی بەشداری بکات.
کاتێک دلاواڵە بۆ چاوپێکەوتنی شا عەباس سەردانی ئەسفەهانی کرد، شای سەفەوی سەردانی فەرەح ئاوی شاری ساریی لە باکوری ئێران کردبوو، هەر بۆیە دلاواڵە بە ناچار سەردانی ئەو شارەی کرد تا شا ببینێت. ناوبراو پاش چاوپێکەوتنی شا عەباس لە گەڵ ناوبراو و کاروانەکەی گەڕایەوە شاری ئەسفەهان تا لە سەفەرنامەکەی باسی ئەسفەهانیش بکات. کاراوانەکە لە ڕێگای ئەسفەهان بە ناوچەی فیروزکودا تێپەڕ بوو و گەیشتە نزیکی تاران. لەوێدا بوو کە کاروانەکە ڕاگیرا و شا ئامادە نەبوو بچێتە ناوی تارانەوە.
عەلیڕەزا زەمانی تاران ناس لە سەر ئەم ڕووداوە ڕایگەیاندووە کە کاتێک شا عەباس لە دەرەوەی شاری تاراندا مایەوە، دلاواڵە بۆ بینینی تاران و نووسینی داب و نەریتی خەڵکەکەی و کەلتوری ئەوان بە تەنیا لە ڕێگای دەروازە شەمێرانەوە کە لە سنوری ئێستای ناوچەی پامناردایە، گەیشتە ناوی تاران بەڵام شا عەباس ئامادە نەبوو بچیتە ناوی شارەکەوە. ئەمەش بۆ سەفەرنامەنووسە بەناوبانگە ئیتالییەکە بابەتێکی سەیر بوو و لە ڕێگای کەسانی نزیکی شا عەباسەوە هەوڵی گەیشتن بە ڕاستییەکان و هۆکارەکانی ئەم هەڵسووکەوتەی شای دەدا.
ناوبراو ئاماژەی بە هۆکارەکانی ئەم هەڵسووکەوتەی شا عەباس داوە و ڕایگەیاندووە کە شا عەباسی سەفەوی لە دەرەوەی شارەکە جێگیر بوو و لە ناو شاری تاران خانووی نییە و هیچ کات ناچێتە شارەکەوە و تەنانەت یەک جاریش جنێوی بەو داوە. یەک جار بە هۆی خواردنی میوەی زۆرەوە لە تاران نەخۆش کەوتووە و تووشی حاڵەتێکی خەراپ بووە. هەندێکیش دەڵێن دانیشتووانی تاران هێندە بە گەرمی پێشوازییان لەو نەکردووە./.