بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ڕەزا سەدر حوسێنی، شارەزا لە کاروباری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئیمارات، کۆچی دوایی خەلیفە بن زاید و هەڵبژاردنی محەممەد بن زاید وەک سەرۆکی نوێی ئەم وڵاتە، وتی: بە پێی کۆچی دوایی خەلیفە بن زاید سەرۆکی پێشووی ئیمارات، هەندێک گۆڕانکاری لە سیاسەت و ستراتیژییەکانی ئەم وڵاتە ڕوو دەدات، لە ساڵانی ڕابردوو ناوبراو نەخۆش بووە و بە کردەوە ئاگای لە دۆخی وڵاتەکەی نەبووە و لە میدیاکانیش زانیاری ئەوتۆ لە سەری بڵاو نەدەکرایەوە بەڵام ئێستا ئەو دۆسیە داخراوە و هەمووان لە داهاتووی سیاسەتەکانی ئیمارات دەڕوانن. لە ماوەی نەخۆشییەکەی خەلیفە بن زاید، محەممەد بن زاید بە کردەوە دەسەڵاتداری ئیمارات بووە کە ئەڵبەت هەندێک جیاوازی لە تێڕوانینی ناوبراو و شێخ نشینەکانی دیکە هەبووە بە تایبەت لە سەر دۆسیەی یەمەن.
ناوبراو وتی: پاش کۆچی دوایی خەلیفە بن زاید، ئەنجومەنی باڵای فیدراڵیی ئیمارات، محەممەد بن زایدی وەک سەرۆکی نوێی ئەم وڵاتە هەڵبژارد کە ڕەنگە هەندێک گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئیمارات ڕوو بدات. لەم نێوەندەدا پرسیاری زۆر لە لایەن وڵاتانی دراوسێی ئیماراتەوە هاتووەتە پێشەوە، بۆ نموونە، سعوودیە نیگەرانی دۆخی نوێی ئەم وڵاتەیە و چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە ئەبوزەبی چ سیاسەتێکی نوێی دەبێت. ئەوەمان لەبیرە کە ناکۆکییەکانی نێوان ئەبوزەبی و ڕیاز لە دۆسیەی یەمەن هەبووە و پاش ئەوەش ناکۆکییەکان لە ڕێکخراوی ئۆپێک بینرا کە لە ئاکامدا پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لای تا ڕادەیەک خستە ژێر کاریگەرییەوە، بەم هۆیەوە بە دەسەڵات گەیشتنی بن زاید دەتوانێت ببێتە هۆکاری نیگەرانیی سعوودیە.
ئەم شرۆڤەکارەی کاروباری ناوچەکە لە درێژەدا وتی: ئەم پرسەش دەتوانێت لە سەر دۆخی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس و هەروەها هاوپەیمانییەکانی ناوچەکە کاریگەری دابنێت و هەمووان چاوەڕوانن کە ببینن چی ڕوو دەدات. هەندێک لەو بڕوایەدان کە ئیمارات ڕەنگە لە بواری سیاسەتی ناوچەیی، پەنا بۆ ئاراستەیەک ببات کە جیاوازیی لە گەڵ سیاسەتی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس هەبێت و تەنانەت ڕەنگە بەرەو ئەوەش بڕوات بە تەنیا و بە پێچەوانەی سیاسەتی دراوسێکانی هەنگاو بنێت. لە بواری ئۆپێک دیسانەوە ئەگەر ئەوە هەیە کە لە بواری وەبەرهێنان و هەناردەی نەوت پێش سعوودیە بکەوێت و ئەمەش ڕیاز و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە نیگەران دەکات. سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیش لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ئەگەر ئەوە هەیە کە پەیوەندییەکی بەهێزتر لە نێوان هەر دوو لا ببینرێت.
سەید ڕەزا سەدر حوسێنی لە کۆتاییدا وتی: لە ئاستی ناوخۆ بە هۆی پێکهاتەی سیاسی، بڕیار نییە شتێک ڕوو بدات، گۆڕانکارییەکان ڕەنگە کاریگەریی لە سەر دۆخی ناوچەکە هەبێت و من پێم وایە کە وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس دەبێت سیاسەتی دەرەوەی قەتەر وەک نموونەیەک بەکار بێنن، دەوحە لەم ساڵانەدا لە ڕووی سیاسی و ئابورییەوە پێگەی خۆیی لە ناوچەکە بەرەوپێش بردووە و بەم بۆنەوە پێم وایە کە باشترە وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس بەرەو کەڵک وەرگرتن لەم سیاسەتە و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەم وڵاتە هەنگاو بنێن./.