بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک، سوودە تەندرووستییەکانی خواردنی تووی بەم شێوازە ڕوون کردووەتەوە:
پاراستنی تەندرووستی دڵ و خۆپاراستن لە نەخۆشی دڵ وەک جەڵتەی دڵ و نەخۆشی تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکان.
یارمەتیدانی دابەزینی کۆلیسترۆڵی خەراپ لە خوێندا دەدات.
ڕێگریکردن لە نەخۆشی شێرپەنجە بە هەموو جۆرەکانیەوە لە بەر ئەوەی کە دەوڵەمەندە بە چەندین مادەی دژە ئۆکسان و کۆئەندامی بەرگری جەستەش بەهێز دەکات.
یارمەتی دابەزینی پەستانی خوێن دەدات.
بۆ ژنانی دووگیان و کۆرپەلەی ناوسکی زۆر بە کەڵکە لە بەر ئەوەی کە ڕێگری دەکات لە توشبوون بە هەوکردن و دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و کانزا و مادە خۆراکییە جیاوازەکانی دیکە، هەروەها ڕێگری دەکات لە منداڵ لەبارچوون.
چارەسەرکردنی کەمی مادەی ئاسن و کەم خوێنی و ڕێگرتن لێی، بە تایبەت تووی ڕەش.
پاراستنی تەندرووستی چاو و بەهێزکردنی بینین و خۆپاراستن لە شەوکوێری.
بەهێزکردنی خانەکانی مێشک و دەمار و کەمکردنەوەی ئەگەری ئەلزەهایمەر.
چارەسەری قەبزی و ڕێگەگرتن لێی و چالاککردن و پاککردنەوەی ڕیخۆڵە لە مادە ژەهراوییەکان و کەمکردنەوەی غازات، هەروەها شەربەتەکەی زۆر باشە لە کاتی سکچوون.
پاراستنی جەستە لە هەوکردن بە تایبەت هەوکردنی گورچیلە و نەخۆشی ڕۆماتیزمی جومگەکان.
بەهێزکردنی توانای سێکسی لە هەر دوو ڕەگەز لە گەڵ زیادکردنی ڕێژەی سپێرمەکان لە پیاواندا.
بەهێزکردنی مووەکانی قژ و پاراستن لە سپی بوون و هەڵوەرینی قژ.
پاراستنی تەندرووستی پێست و گەشبوونەوەی و نەهێشتنی چرچ و لۆچ و خاڵ و زیپکە و سیسی دەم و چاو.
ئایا تووی ڕەش باشترە یان سپی یان سوور؟
لە ڕاستیدا هەموو جۆرەکانی توو هەمان سوودی تەندرووستیی هەیە بەڵام هەر ڕەنگێک سوودی زیاتری هەیە بۆ نموونە:
1 – تووی سپی:
یارمەتیدەری دابەزینی تا دەدات لە گەڵ یارمەتی چارەسەرکردنی دڵەکزێ و ئازاری گەدە و کێشەکانی جگەر.
2 – تووی سوور:
لە بەر ئەوەی کە وزەی کەمی تێدایە هەر بۆیە سوودی هەیە لە کاتی ڕێجیم و دابەزینی کێش، یارمەتیدەری ڕێککردنەوەی ئێسقان دەدات لە گەڵ خۆپاراستن لە هەڵامەت و ئەنفلۆنزا.
3 – تووی ڕەش:
ڕێگریکردن لە خوێنبەربوونی پووک و کەم خوێنی و کەمی مادەی ئاسن، بەڵام زۆر گرنگە ئەو کەسانە دەرمانی دژە مەینی خوێن وەردەگرن دژی جەڵتە وەک وارڤارین و هیپارین پێویستە ڕەنگەکانی دیکەی بخۆن./.