بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاڵەوانێتییەکە لە ژێر ناوی پایتەختی رۆشنبیرییە، لەلایەن بەڕێوەبەرێتی وەرزشی سلێمانی و بەسەرپەرشتی و ناوبژیوانی رێکخەر و ناوبژیوانی نێودەوڵەتی (ئەسعەد ئیسماعیل) جێگری سەرۆکی یەکێتیی شەترەنجی عیراق بەڕێوەدەچێت.
پاڵەوانێتییەکە بە سیستمی فیشەر دەکرێت و پێکهاتووە لە (٩) گەڕ (جولة) و ماوەی (٩) رۆژ دەخایەنێت، تیایدا (٥) یاریزان سەردەکەون بۆ قۆناغی کۆتایی شاری سلێمانی و لەگەڵ (٥) یاریزانەکەی ئەو قۆناغە کە پێکهاتوون لە (زۆزگ سەڵاح، ئاریان علی، ئەحمەد جەزا، رەوەند حامد، رەوەز عمر) یاری دەکەن بۆ دیاری کردنی هەڵبژاردەی نوێی شاری سلێمانی.
رێژەی بەشداربوون سنوردارە و تەنها (٣٢) یاریزان دەتوانن بەشداری بکەن و ئەوانەی رەیتینگیان هەیە یان رەیتینگیان بەرزترە، هەلی بەشداری کردنیان بەهێزترە. هەر کەسێک ئارەزووی بەشداریکرنی هەیە، پێویستە دوو کاتژمێر بەر لە دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە لە شوێنی دیاریکراو ئامادە بێت بۆ ناو نووسین.