بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕاپۆرتی تایبەت بە ئاسایشی خۆراک کە هەموو ساڵێک لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاو دەبێتەوە، تەنانەت پێش شەڕی ئێستای ئۆکرانیاش پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی مادە خۆراکییەکانی کردبوو، ئێستا بە سەرهەڵدانی شەڕ لە ئۆکرانیا وەک وڵاتێک کە لە سەدا 50 ی گەنمەشامی جیهان و لە سەدا 60 ی گەنمەشامی ئەورووپا دابین دەکات، نرخی مادە خۆراکییەکان بە تایبەت لە ئاسیا لە سەدا 20 بەرز بووەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەڕی ئۆکرانیا لە کاتێکدا پێی ناوەتە سێهەم مانگی خۆی کە نرخی مادە خۆراکییەکان لە سەرتاسەری جیهان بە تایبەت لە ئاسیا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی داوە کە ئەگەر بەندەرەکانی ئۆکرانیا کە بە هۆی شەڕەوە داخراون، نەکرێنەوە، بە ملیۆنان کەس لە جیهان ڕوبەڕوی مەترسی کەمبوونی مادە خۆراکییەکان دەبنەوە.
لە هەشت مانگی پێش شەڕەکە، نزیکەی 51 ملیۆن تەن دانەوێڵە لە بەندەری دەریای ڕەش لە ئۆکرانیا هەناردە دەکرا. کێشەی ئەم شەڕە وایکردووە کە نرخی هەناردەی گەنم و گەنمەشامی زیاتر لە یەک لە سەر پێنج بەرز بووەتەوە.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی جیهانیی خۆراک جەختیکردووەتەوە کە سایلۆکانی دانەوێڵەی ئۆکرانیا پڕە بەڵام لە هەمان کاتدا 44 ملیۆن کەس بەرەو برسێتی هەنگاو دەنێن.
ئستیفان دوجاریک وتەبێژی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەم دواییانە ڕایگەیاند کە ڕێکخرای فائۆ هۆشداری دەدات نرخی مادە خۆراکییەکان بەردەوام لە سەرەوەیە و هەڕەشە لە سەر ئاسایشی جیهانیی خۆراک دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، هەڵئاوسان لە نرخی مادە خۆراکییەکان لە پاش ئەو کێشەیە کە کەتووەتە بەردەم زنجیرەی دابینکردنی مادە خۆراکییەکان لە ناوچە جیاجیاکان، بەرزتر بووەتەوە. بە پێی ڕاگەیاندنی سندۆقی نێودەوڵەتی دراو، ڕێژەی هەڵئاوسانی جیهانی بە بەرزبوونەوەی لە سەدا 7.8 لە مانگی کانوونی یەکەمی 2022 گەیشتە بەرزترین ئاستی 7 ساڵی ڕابردوو. بەرنامەی جیهانیی خۆراکیش هۆشداریی داوە کە شەڕی ئۆکرانیا کاریگەریی لە سەر ژیانی ملیۆنان کەس داناوە. لوبنان و یەمەن زیاتر دەکەونە بەر کاریگەرییەکانی ئەم شەڕە لە بەر ئەوەی کە بەشێکی زۆری هاوردەیان لە ڕووسیا و ئۆکرانیایە، میسریش کە گەورەترین هاوردەکاری گەنمی جیهانە، دەکەوێتە بەر ئەم کاریگەرییەوە.
پێگەی هەواڵی ” فی نیوزی ئاسیا ” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە شەڕی ئابوریی ئەمریکا و چین و هەروەها بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانی بە کەرتی ئابوریی جیهان گەیاندووە، ئێستاش بە شەڕی ئۆکرانیا ئەو زیانە زیاتر بووە.
بە پێی ڕاپۆرتی بانکی جیهانی، شەڕی ئۆکرانیا و ئەو قەیرانە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی دەبینرێت، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی کاڵاکان لە گازی سرووشتییەوە تا گەنم و لۆکە لە جیهان.
بانکی جیهانی لە ڕاپۆرتەکەیدا هۆشداریی داوە کە لە ئەنجامی ئەم شەڕە، نرخی هەندێک لە خواردەمەنییەکان بەرز دەبێتەوە. لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا هاتووە کە نرخەکان هێندە بەرز بووەتەوە کە کاریگەریی لە سەر ژیانی خەڵک بە تەواوی داناوە.
لە لایەکی دیکەوە، شەڕی ئۆکرانیا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی پەینی کیمیایی پێویست بۆ کشتووکاڵ، لە بەر ئەوەی کە ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ڕیزی گرنگترین هەناردەکارانی پۆتاس، ئورە و پەینەکانی ئامۆنیاکین. شایانی ئاماژەیە کە نرخی جیهانیی پەین لە ساڵی 2021 بە شێوازی بەرچاو بەرز بووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانیی وەبەرهێنەران و هاوردەکارانی مادە خۆراکییەکان.
بۆ نموونە، نرخی هەر تەن پەین لە وڵاتێکی وەک تایلەند کە گەورەترین هەناردەکاری برینجی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە، لە ساڵی 2020 بە شێوازی مامناوەند نزیکەی 10 هەزار باتی تایلەند بەرز بوویەوە، لە مانگی ئاداری 2022، نرخی هەر تەن پەینی کیمیایی لەو وڵاتە زیاتر لە 33 هەزار بات بەرز بوویەوە کە بەراورد بە ساڵی 2020 سێ هێندە زیاتر بووە.
قەیرانی گەنم لە پاکستان
پاکستان لە وەبەرهێنەرانی گرنگی گەنم و برینجی ئاسیایە بەڵام بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی گەنم لە لایەن خەڵکی ئەو وڵاتە ل ساڵانی ڕابردوو، ڕوبەڕوی کێشەی کەمبوونی گەنم بووەتەوە کە ساڵانەش ئەم کێشەیە زیاتر و گەورەتر دەبێت. کەمبوونی پەین، هەڵئاوسان، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و لاوازبوونی سیستەمی بەڕێوەبردنی کەرتی کشتووکاڵ لە ڕیزی ئەو هۆکارانەن کە قەیرانی گەنمی پاکستانیان زیاتر کردووە.
وڵاتی پاکستان بە حەشیمەتێکی 220 ملیۆن کەسی تا پێش ساڵی 2019 گەنمی زیادەی خۆیی هەناردە دەکرد بەڵام ئەم ڕێژەیە کەم بوویەوە بە ڕادەیەک کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بە ناچار ڕوویان هێنایە هاوردەکردنی گەنم لە وڵاتانی دیکە.
گەنم گرنگترین بەرهەمی کشتووکاڵیی پاکستانە و لە لایەن لە سەدا 80 ی جوتیارانەوە لە نزیکەی 22 ملیۆن هێکتار زەوی ئەو وڵاتەدا بەرهەم دێت کە لە سەدا 40 ی زەوییەکانی کشتووکاڵیی لە خۆ دەگرێت. ویلایەتی پەنجاب بە 16 ملیۆن هێکتار (لەسەدا 5.71) ڕۆڵی گرنگی لە وەبەرهێنانی گەنمدا هەیە.
لە دوایین پلانەکانی حکومەتی پاکستان کڕینی 3 ملیۆن تەن گەنم لە ڕووسیا بە نرخێکی کەمترەوە بوو کە ئەمەش بە قەیرانی سیاسی ئەم دواییە و گوشارەکانی واشنتن لە سەر ئیسلام ئاوا بۆ دابەزینی ئاستی پەیوەندییەکان لە گەڵ مۆسکۆ کەوتە ژێر کاریگەرییەوە.
پاکستان هەروەها بە یەکێک لە هاوردەکارانی گەنمی ئۆکرانیا هەژمار دەکرا کە ئەڵبەت بەردەوامی شەڕەکەی ئێستا نیگەرانی زۆری لە سەر داهاتووی ئاسایشی خۆراکیی ئەو وڵاتە درووست کردووە.
کەمبوونی گەنم و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکەی لە بازاڕی ئازاد بووەتە قەیرانێک لە پاکستان.
کێشەی مادە خۆراکییەکان لە ژاپۆن
کەمبوونی دانەوێڵەکان لە ئاستی جیهان بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەندێک مادەی خۆراکی لە ژاپۆن و یەکێک لەو مادانەش گەنمە.
گەنمی ڕەش وەک زۆربەی دانەوێڵەکان لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا نرخەکەی بەرز بووەتەوە. یەکێک لە گرنگترینی مادە خۆراکییەکان کە لە ژاپۆن نرخەکەی بەرز بووەتەوە، نۆدلی سابایە کە خواردنێکی بەتام و لایەنگرێکی زۆری هەیە لە بەر ئەوەی کە نرخەکەی هەرزان بووە، ئەم خواردنەش لە گەنمی ڕەش بەرهەم دێت کە ئەویش بە هۆی شەڕی ئۆکرانیاوە نرخەکەی بەرز بووەتەوە، لە ئێستادا نرخی ئەم خۆراکە لە سەدا 15 بەرز بووەتەوە کە لە 10 ساڵی ڕابردوودا کەم وێنە بووە.
لە ساڵی 2021 ڕووسیا دووەم سەرچاوەی دابینکردنی گەنمی ڕەشی ژاپۆن بووە بەڵام پێدەچێت ئەمساڵ ڕووسیا ببێتە یەکەم وڵات بۆ دابینکردنی ئەو بەرهەمە پێویستەی ژاپۆن.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە شارەزایانی ئابوری پێیان وایە کە دانیشتووانی ژاپۆن بە تایبەت وڵاتانی بەرەو گەشەسەندنی ئاسیا لە داهاتوودا ڕوبەڕوی کێشەی بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان دەبنەوە و ئەمەش دەتوانێت ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتیی بە دواوە بێت.
بە بۆچوونی شارەزایان، چاپکردنی ڕادەبەدەری پارە لە لایەن حکومەتەکان و بانکەکەکانی ناوەندی وڵاتانەوە، کەشێکی ناسەقامگیری ئابوریی بۆ داهاتوو لێدەکەوێتەوە.
ئەگەرچی شارەزایان هۆشداری دەدەن کە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا بووەتە هۆی سەرهەڵدانی مەترسی و قەیرانی خۆراک لە جیهان و نرخی مادە خۆراکییەکانی لە سەرتاسەری جیهان بەرز کردووەتەوە، بەڵام دەبێت وڵاتانی جیهان هەوڵی ئەوەش بدەن بە هەندێک ڕێوشوێنی تایبەت ڕێگری لەوە بکەن زیانی زیاتر بە خەڵکی هەژار بگات. هەروەها قەیرانی ئۆکرانیا نابێت ببێتە هۆکاری گرانی و شاردنەوەی مادە خۆراکییەکان و بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەش تەنیا لە ئەستۆی حکومەتەکان لە کیشوەری ئاسیا دەبێت./.