بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆمکاری عەرەبی ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا وێڕای ئیدانەکردنی تاوانی تیرۆری شیرین ئەبوعاقڵە پەیامنێرە فەڵەستینییەکەی کەناڵی جزیرە، جەختیکردەوە کە ئەم تاوانە بۆ کپکردنی دەنگی ڕاستی و ئازادی و بەرگری لە دادپەروەری لە بەرامبەر تاوان و دەسدرێژییە ڕۆژانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و هێرشە بەردەوامەکان و ڕاگەیاندنی شەڕی ئاشکرا لە دژی گەلی فەڵەستین کراوە.
کۆمکاری عەرەبی، ڕژێمی زایۆنیستیی بە بەرپرسیار لە بەرامبەر ئەم تاوانە ناو برد و داوایکرد کە ئەنجامدەرانی تاوانەکە بە هۆی تاوانی شەڕ و پێشێلکردنی سەرجەم یاسا نێودەوڵەتییەکان دادگایی بکرێن.
لە لایەکی دیکەوە، سەعید ئەبوعەلی بەرپرسی کاروبای فەڵەستین و ناوچە داگیرکراوەکانی کۆمکاری عەرەبی ڕایگەیاند کە فەڵەستین و کۆمەڵگای میدیایی و بزوتنەوەی ژنانی فەڵەستین و عەرەب، ڕۆژنامەنووسێکی ئازا و بوێر و خەباتگێڕی لە دەست داوە./.