بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی ” العربی الجدید ” چاپی لەندەن شەوی دووشەممە ڕایگەیاند کە سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی عۆمان و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دەکات.
ڕۆژنامەکە لە سەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئێرانی ڕایگەیاندووە کە سەردانیکردنی عۆمان و ئیمارات لە ڕیزی بەرنامەکانی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتەدایە.
لەو هەواڵەدا هاتووە کە سەردانەکەی ڕەئیسی بۆ عۆمان لە وەڵامی بانگهێشتەکەی هەیسەم بن تارق ئالی سەعید سوڵتانی عۆمان دەکرێت.
العربی الجدید ڕایگەیاندووە کە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ ئیمارات لە ئێستادا نییە و لە کاتی گونجاوی خۆیدا دەکرێت.
سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆی ڕایگەیاند کە ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەردانی وڵاتێکی عەرەبی دەکات.
بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتووش میری قەتەر بە سەردانێکی فەرمی بگاتە تاران./.