بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ئەمڕۆ دووشەممە 9 ی ئایاری 2022 لە چاوپێکەوتنی ژمارەیەک لە کرێکارانی ئێرانی، ئەوانیان وەک کۆڵەکەی سەرەکیی وەبەرهێنان ناو برد و بە ئاماژە بە سێ بابەتی سەرەکیی ” پێویستی زیاترکردنی دەرفەتەکانی هەلی کار “، ” داڕشتنی دادپەروەرانەی پەیوەندیی کار و سەرمایە ” و ” دابینکردنی ئاسایشی کار ” ی کرێکاران، وتیان: هاوردەی زۆر وەک خەنجەرێکە لە دڵی وەبەرهێنانی نیشتمانی و دابینکردنی هەلی کار بۆ کرێکاران و دەبێت بە جیدی ڕێگریی لێبکرێت و لە ناوخۆش وێڕای وەبەرهێنانی بەرهەمی بەکوالیتی، خەڵک و دامودزگا حکومییەکان دەبێت بەرهەمی ناوخۆیی بەکار بێنن.
بەڕێزیان بە ئاماژە بە پلانە ئابورییەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختیان کردەوە کە دامودەزگا حکومییەکان و خەڵک یارمەتیدەری جێبەجێکردنی ئەو پلانانە بن.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە تێڕوانینی ئیسلام بە کار و کرێکار، وتیان: بە پێچەوانەی تێڕوانینی بەرژەوەندیخوازانەی سیستەمی سەرمایەداری و تێڕوانینی درووشمانەی سیستەمی هەڵوەشاوەی کۆمۆنیستی، تێڕوانینی ئیسلام بە کرێکار، بایەخدان و قەدرزانینە و بەم پێیەش پێغەمبەری گەورەی ئیسلام (د.خ) دەستی کرێکاریان ماچ کردووە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: یەکێک لە سیاسەتە سەرەکییەکانی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە لەناوبردنی وەبەرهێنانی وڵات بوو کە لە ساڵانی ڕابردوو و زیاترکردنی گەمارۆکان، ئەم ئامانجە بە تەواوی ڕوون کرایەوە بەڵام کرێکارانی ئێرانی بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان ڕێگرییان لەو ئامانجە کرد و بەردەوام لە گەڵ شۆڕش و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران مانەوە و دەمێننەوە./.