بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە هێشتا کاتی سەردانەکەی مورا بۆ تاران دیاری نەکراوە، سەرەڕای ئەمەش چەند سەرچاوەیەک ڕایانگەیاندووە کە بەرنامەی سەردانەکەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئەورووپا بۆ ئێران سێ یان چوار ڕۆژە دەبێت و بڕیارە ناوبراو لە گەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کۆببێتەوە. ئشتفنی لیختەن ئشتاین پەیامنێری نەمساوی لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە کە بڕیارە مورا سێ شەممە سەردانی ئێران بکات و تا ڕۆژی هەینی لە تاران بمێنێتەوە.
گۆڤاری فایننشاڵ تایمز ڕۆژی یەک شەممە لە سەر زاری جۆزپ بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا ڕایگەیاند کە دوایین هەوڵی ئەم یەکێتییە بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران ئەنجام دەدرێت. گۆڤارەکە ڕایگەیاندووە کە کێشەی سەرەکی لە ئێستادا لە نێوان تاران و واشنتن و تایبەتە بە دەرهێنانی ناوی سوپای پاسداران لە ڕیزی گرووپە تیرۆریستییەکان کە پێشتر لە لایەن ئەمریکاوە ئەو بڕیارە نایاساییە دراوە.
بۆڕێڵ بەو گۆڤارە بەریتانییەی ڕاگەیاندووە کە یەکێتی ئەورووپا هەوڵی چارەسەرێکی مامناوەند بۆ کێشەکە دەدات کە مەترسیی لە سەر یەک ساڵ دانوستانی نێوان لایەنەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی داناوە.
پرسی دەرهێنانی ناوی کەسایەتی و دامەزراوەکان لە ڕیزی سزا و گەمارۆ تاکلایانەکانی ئەمریکا، یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی ئێران لە دانوستانەکانی ڤیەننایە. حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بەم پرسە ڕایگەیاندووە کە سەبارەت بە پرسی سوپای پاسداران، گرنگ ئەوەیە کە پێگە و ڕۆڵی سوپا وەک هێزێکی ئەمنی و بەرگری کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرچاو بگیردرێت.
ناوبراو جەختی لە سەر گرنگیی دەرهێنانی ناوی سوپا لە ڕیزی سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا کردەوە و وتی: گەیشتن بە ڕێکەوتن لە دانوستانەکان تەنیا بە ڕەچاوکردنی هێڵە سوورەکانی ئێران مسۆگەر دەبێت و کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر ئە هێڵە سوورانەش سازشت ناکات.
حکومەتی پێشووی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپ لە هەنگاوێکی نایاساییدا سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی وەک دامەزراوەیەکی فەرمی سەربازی خستە ڕیزی گرووپ و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا ڕایگەیاندووە کە وەک ڕێکخەری دانوستانەکانی ڤیەننا، پێشنیاری خۆیی لە سەر ئەم پرسە داوەتە سەرۆک کۆماری ئەمریکا.
ئێران و ئەورووپا لە سەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی دواکەوتنی دانوستانەکان بۆچوونی هاوبەشیان هەیە، لایەنەکانی دیکەش بە هەمان شێوە داوای گەیشتن بە ڕێکەوتنیان کردووە و تەنیا ئەمریکا بووەتە بەربەستی بەردەم دانوستانەکان و زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی.
پێشتر 40 دیپلۆماتکاری پێشووتری ئەورووپی لە نامەیەکی کراوەدا داوای نەرمی نواندنی لایەنەکانی پەیوەندیدار لە دانوستانەکانی ڤیەننایان کرد و ڕایانگەیاند کە دوو سیناریۆ لە پێشدایە. یەکەم: ئەوەی کە ئەمریکا بە خێرایی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و بابەتەکانی ئێستا نەرمی بنوێنێت. دووەم: هەر دوو لا دەچنە دۆخێکی چەقبەوستووی دانوستانەکان و ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە و مەترسی زیاتری بە دواوە دەبێت.
لە کۆتاییدا پێویستە بڵێین کە شەڕی ئۆکرانیا ئەوەی پیشانداوە کە درێژەکێشانی دانوستانەکان لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک نییە و زیادبوونی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان دەتوانێت کاریگەری لە سەر ڕەوتی دانوستانەکان دابنێت. لەم ڕووەشەوە یەکێتی ئەورووپا دەتوانێت لە دەرفەتی پشوودرێژیی ئێران بۆ ئاسانکاریی گەیشتن بە ڕێکەوتنی کۆتایی لە ڤیەننا و گەڕانەوەی ناوبانگی خۆی وەک لایەنێکی کاریگەری نێودەوڵەتی کەڵک وەربگرێت./.