بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ یەک شەممە 8 ی ئایاری 2022، لە چاوپێکەوتنی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا و شاندی یاوەری، خۆڕاگری و خەباتی گەل و دەسەڵاتی سوریا و سەرکەوتن لە شەڕێکی نێودەوڵەتییان بە هۆکاری بەرزکردنەوەی پێگە و سەربەرزی ئەم وڵاتە ناو برد و جەختیان کردەوە کە بە پێی پلان و ئیرادەی باڵای سەرۆک کۆمار و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە گەڵ سوریا، دەبێت هەوڵ بدرێت پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات زیاتر لە ڕابردوو بەرز ببێتەوە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: بەشێک لە سەرکردەکانی وڵاتانی دراوسێی ئێمە و ئێوە لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی پەیوەندییان هەیە و پێکەوە قاوە دەخۆنەوە بەڵام خەڵکی ئەو وڵاتانە لە ڕۆژی جیهانیی قودس شەقامەکانیان لە خۆیان و درووشمی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی پڕ کردەوە و ئەمەش ڕاستییەکەی ئەمڕۆی ناوچەکەیە.
بەڕێزیان چەندین هۆکاریان لە خۆڕاگری و سەرکەوتنی سوریا لە شەڕێکی نێودەوڵەتیدا بە کاریگەر ناو برد و بەرامبەر بە بەشار ئەسەد وتیان: یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان، ورەی بەرزی ئێوەیە و هیوادارین بە یارمەتی خودای گەورە بتوانن زیانەکانی شەڕ قەرەبوو بکەنەوە و وڵاتی سوریا ئاوەدان بکەنەوە لە بەر ئەوەی کە کاری زۆر گەورەتان لە پێشدایە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وێڕای وەبیرهێنانەوە و بەرزنرخاندنی یاد و بیرەوەرییەکانی شەهید حاجی قاسم سولێمانی، وتیان: ئەو شەهیدە گەورەیە گرنگییەکی زۆریان بە سوریا دەدا و گیانفیدایی دەکرد و هەڵسووکەوتی ئەوان لە سوریا لە گەڵ سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی سەپێندراوی سەدام لە دژی ئێران جیاوازیی نەبوو.
بەڕێزیان وتیان کە ئەم پەیوەندییانە بۆ هەر دوو وڵات گرنگە و نابێت لاواز بکرێت بەڵکوو دەبێت زیاتر بەرەو پێش ببرێت.
هەر لەو چاوپێکەوتنەدا سەرۆک کۆماری سوریا وێڕای ستایشکردنی پاڵپشتییەکانی گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، وتی: خۆڕاگری و هەڵوێستی بەردەوامی ئێران لە ماوەی 4 دەیەی ڕابردوو لە پرسەکانی ناوچەکە بە تایبەت پرسی فەڵەستین، ئەوەی بە خەڵکی ناوچەکە پیشاندا کە ڕێگای ئێران، درووست و بنەماییە.
بەشار ئەسەد وتی کە زیانەکانی شەڕ قەرەبوو دەکرێتەوە و وڵات ئاوەدان دەکرێتەوە بەڵام ئەگەر بنەماکان لە ناو ببرێن دووبارە درووست ناکرێنەوە و خۆڕاگری گەلی ئێران بە پێی بنەما و فەرموودەکانی ئیمام خومەینی (رە) و تێکۆشانی بەڕێزتان بەردەوام بووە و بووەتە هۆکاری بەردەوامیی سەرکەوتنەکان.
ناوبراو وتی کە هەندێک وا دەزانن ئێران لە ڕووی چەکدارییەوە هاوکاری بەرەی خۆڕاگری دەکات بەڵام گرنگترین پاڵپشتی و هاوکاریی کۆماری ئیسلامی ئێران، پێدانی ورەی خۆڕاگری و بەردەوامبوونیەتی.
سەرۆک کۆماری سوریا لە کۆتاییدا جەختیکردەوە کە هۆکاری ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی نەتوانێت بە سەر ناوچەکەدا زاڵ بێت، پەیوەندی ستراتیژی ئێران و سوریایە کە دەبێت بە هێزەوە بەردەوام بێت./.