بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەحیا ئالی ئێسحاق ڕایگەیاند کە بە پێی ڕێکەوتنی ئەم دواییەی نێوان ئێران و عێراق، بەغدا پێدانی قەرزەکانی بە ئێران لە ڕۆژانی داهاتوو دەست پێدەکات.
ناوبراو سەبارەت بە سەردانەکەی سەرپەرشتیاری وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ ئێران وتی کە هەر دوو وڵات پەیوەندییەکی بازرگانی بەردەوامیان هەیە کە بەشێکی لە لایەن کەرتی حکومی و بەشێکی دیکەی لە لایەن کەرتی تایبەتەوە دەکرێت.
سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران – عێراق بە ئاماژە بەوەی کە پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێران و عێراق لە کەرتی حکومی زیاتر لە بواری وزەدایە، وتی: کەرتی حکومی دەبێت یەک ملیار دۆلار لە عێراق وەربگرێت کە بەم ڕێکەوتنە کە کراوە، بە پێی میکانیزمی بانکی ناوەندی، ئەم قەرزە لە لایەن عێراقەوە دەدرێتەوە ئێران.
یەحیا ئالی ئێسحاق وتی کە 9 ملیار دۆلار پارەی کەرتی تایبەتی ئێران لە عێراقە و کێشەی دانەوەی نییە و لە ڕێگای جیاجیاوە وەردەگیرێتەوە.
ناوبراو وتی کە لە سەردانەکەی عادل کەریم بۆ عێراق سەبارەت بە بەردەوامیی هاوردەی وزە لە ئێرانەوە ڕێکەوتن کراوە./.