بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لیوا ئیسماعیل قائانی لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی قودس لە شاری مەشهەد وتی: ڕۆژی جیهانی قودس یەکێک لە باشترین ڕۆژەکانە بۆ موسڵمانان و ئیمامی گەورەی ئێمە پێشەنگی خۆڕاگری لە بەرامبەر ڕژێمی منداڵکوژ و ناپاکی زایۆنیستی بووە.
ناوبراو وتی: لە ماوەی چل و چەند ساڵی ڕابردوو گەلی گەورەی ئێران و گەلانی ئیسلامی و خەڵکی جیهان، لەو شوێنانەی حکومەتە دواکەوتووەکانیان ڕێگرییان لەوان نەکردووە، هەر ساڵ ئەم ڕێوڕەسمەیان باشتر لە ساڵانی ڕابردوو بەڕێوە بردووە، تەنانەت لە ساڵانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە هەر شێوازێک ئەم ڕۆژە گرنگەیان بەرز ڕاگرت.
لیوا قائانی وتی: ئەگەر ئیمام خومەینی (رە) جەختیان لەوە دەکردەوە کە ئەم شێرپەنجەیە (ڕژێمی زایۆنیستی) دەبێت لە ناو بچێت بۆ ئەوەیە کە فەڵەستین و خەڵکەکەی خاوەنی مێژوویەکی ڕەسەنن، زایۆنیستەکان خەڵکی فەڵەستینیان ئاوارە کردووە و خۆیان کردووەتە خاوەنی خاکەکەیان، هەر بۆیە دەبێت خاکی فەڵەستین بۆ خاوەنە ڕاستەقینە و ڕەسەنەکانی بگەڕێتەوە.
فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی کە تەمەنی ڕژێمی زایۆنیستی بەرەو کۆتایی دەڕوات و باشترە داگیرکارانی زایۆنیست لە زووترین کاتدا بۆ شوێنی سەرەکی خۆیان لە ئەورووپا یان شوێنەکانی دیکە بگەڕێنەوە./.