بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیرەج مەسجدی ئەمڕۆ پێنج شەممە 28 ی نیسان ی 2022 پەیامێکی ماڵئاوایی بڵاو کردەوە کە لەو پەیامەدا هاتووە:
گەلی گەورەی عێراق، برایان و خوشکانی ئازیز، گەنجانی ئازا و بوێر، بەرپرسانی بەڕێز لە بەغدا و هەرێمی کوردستان، وەزیران و بەرپرسانی وەزارەتەکان و دامودەزگاکانی دیکەی حکومەت، مەرجەعە ئازیزەکانی ئائینی، کەسایەتییە ئائینییەکان، سەرۆک هۆزەکان، فەرماندەکان و هێزەکانی حەشدی شەعبی، فەرماندەکان و هێزە چەکدارەکانی عێراق لە سوپا، دژە تیرۆر، پۆلیسی فیدراڵ، پۆلیسی دیپلۆماتیک، پۆلیسی هەرێمی کوردستان، پێسمەرگە بوێرەکان و ….. سەرکردەکان و تێکۆشەرانی خۆڕاگری، بەرپرسان و فەرمانبەرانی ناوەندە مەزهەبییەکان، کەسایەتییە بەڕێزەکانی چالاک لە بوارەکانی ڕۆشنبیری، سیاسی، سەربازی، ئەمنی و ئابوری، سەرۆک و کاربەدەستانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان، کاربەدەستان و پەیامنێران و چالاکوانانی میدیایی و ئەوانەی کە لەم پێنج ساڵەدا شانازی چاوپێکەوتن و وتووێژم لە گەڵ هەمووی ئەوان هەبووە.
ئێستا کە لە کۆتا ڕۆژانی ئەرک و ڕاسپاردەکانم وەک باڵیۆزی تایبەت و نوێنەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتی عێراق نزیک دەبمەوە و ئامادەی گەڕانەوەم بۆ نیشتمانی خۆم، بە پێویستی دەزانم دەستخۆشی لە سەرجەم ئێوەی ئازیز بکەم، ماڵئاوایی لە نیشتمانی پیرۆزی پێغەمبەرەکان، ئیمامە گەورەکان (سلام اللە علیهم اجمعین و اولیا اللە عراق) هێندە ئاسان نییە کە بە چەند وشەیەک باسی بکەم. شوکر بۆ خودای گەورە کە وەک خزمەتگوزارێکی بچووک ئەو شانازییە درایە من تا لەم ماوەیەدا، خزمەتکاری ئێوەی ئازیز، گەلی گەورەی ئێران و ئەوانە بم کە لە عێراقدا نیشتەجێن و هەم ئەوانەش بە هەر هۆکارێک سەردانی عێراقیان کردووە و هاوکات بتوانم لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات هەنگاوێک هەڵبگرم.
بەڕێزان
ماوەی چالاکییەکانی منیش لە عێراق، وەک سەرجەم سەردەمەکانی ژیانی مرۆڤایەتی، کاتی ئاسان و دژوار و هەڵکشان و داکشانی هەبووە، زامی شەهیدبوونی فەرماندە گەورەکانی خۆڕاگری، شەهیدان حاجی قاسم سولێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس هیچ کات ساڕێژ نابێت، بەڵام تێکەڵبوونی خوێنی ئەم دوو کەڵە پیاوە و هاوڕێ شەهیدەکانیان، وەها پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراقی نزیک و بەهێز کردووەتەوە کە ئاسەوار و کاریگەرییەکەی تا ڕاپەڕینی حەزرەتی وەلی عەسر (عج) دەبینرێت. تێکۆشانی ئەوان کۆتاییەک بوو بۆ زوڵم و تاوانی داعشییەکان و لایەنگرانی ستەمکاری ئەوان، ئەو ستەمکارانەی کە بەدەر لە ڕووخان و لەناوبردنی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق و ئەم خاکە دەوڵەمەندە، بیرۆکەیەکی دیکەیان نەبوو. بڕوای تەوام بەوە هەیە کە کاریگەرییەکانی ئەو مەکتەبەی ئەم دوو شەهیدە ئازیزە دامەزرێنەری بوون، جوڵەیەکی گەورەی بە کەلتوری خۆڕاگری بەخشی و بە جیهانیی کردووە، لێرەدا بە پێویستی دەزانم سەری ڕێز لە بەرامبەر تەواوی ئەو شەهیدانەدا دابنێم کە ئاسایش و سەقامگیریی ئێستای عێراق بەرهەمی خوێنی ئەوانە و لە خودای گەورەش بۆ بنەماڵە و خزم و کەسانی ئەوان، تەندرووستی و پشوودرێژی داواکارم.
لە بەشی کۆتایی ئەو پەیامەشدا بە ئاماژە بە دەسکەوتەکانی پەیوەندیی نێوان هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق، هیوای ئەوەی خواستووە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەشە و مسۆگەربوونی زیاتری ئامانج و دەرفەتەکان لە پێناو خێر و بەرژەوەندی گەلانی ئێران و عێراق ببینرێت./.