بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و شاندی یاوەری، بە ئاماژە بە مێژووی پەیوەندی، دۆستایەتی و دراوسێبوونی نێوان هەر دوو وڵات، وتی: هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق بۆ گەشەی پەیوەندییەکانی نێوانیان ئیرادەیەکی جیدییان هەیە و هیچ هۆکارێک ناتوانێت کێشە بۆ پەیوەندییەکانیان بخوڵقێنێت، ئێمە دۆستانی سەردەمی دژواری و تەنگانەی یەکترین.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە پەیوەندی زۆر باشی نێوان هەر دوو پەرلەمانی ئێران و عێراق وتی: پەرلەمانی عێراق دەتوانێت شوێنی پەرەپێدانی هاوکارییەکانی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بێت و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەم پێناوەدا ئامادەیی هەر هەوڵ و هاوکارییەکی هەیە.
ڕەئیسی وتی: هیوادارین ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بە لێک تێگەیشتن و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکومەتی نوێ، یارمەتیدەری چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکی عێراق بن و بەوەش پەرە بە پەیوەندییەکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت ئێران بدرێت.
وتیشی کە هیوادارین پەرلەمانی عێراق بە پەسەندکردنی یاسای پێویست ڕێگری لە هەبوونی سەرچاوەکانی هەڕەشە لە دژی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بکات./.