بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عادل عەبدولمەهدی لە تویتێکدا پاڵپشتی خۆیی بۆ ئەو پرۆژەپێشنیارەی سەدر پیشاندا کە بڕیارە ڕادەستی پەرلەمانی عێراق بکرێت و وتی کە مزگەوتی ئەقسا و قودس بوونەتە ڕووگەی ئازادیخوازەکان و ئەگەر قودسی پیرۆز لە دەست بدەین تەنیا بە واتای لەدەستدانی فەڵەستین نییە بەڵکوو لە گەڵ ئەوەش بەغدا، هەولێر، بەسرە و ئەنبار لە دەست دەدەین.
ناوبراو وتی کە لەدەستدانی قودس بە واتای لەدەستدانی قاهیرە، دیمەشق، جەزایر، تونس، سەنعا و ئەنکەرە و پایتەختەکانی دیکەی ناوچەکە دەبێت، هەر بۆیە پرۆژەی پەرلەمانی بۆ بە تاوان ناساندنی پەیوەندی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، لەم هەلومەرجە هەستیارەی عێراق، فەڵەستین، ناوچەکە و جیهان، بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت.
عەبدولمەهدی بە پێویستی زانیوە کە لایەنە سیاسییەکان لە پەرلەمانی عێراق پاڵپشتی لەو پرۆژەیە بکەن تا حکومەت و دامودەزگا و لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی بە گشتی جێبەجێی بکەن./.