بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی کارەبای عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە عادل کەریم سەرپەرشتیاری ئەم وەزارەتە لە تاران لە گەڵ جەواد ئەوجی وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووەتەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە سەرپەرشتیاری وەزارەتی کارەبای عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە تاران لە گەڵ وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووەتەوە و تەوەری کۆبوونەوەکەش پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بواری وزە و بەردەوامی هەناردەی گازی ئێران بۆ دابینکردنی سووتەمەنی پێویستی وێستگەکانی وەبەرهێنەری کارەبای عێراق بە تایبەت لە وەرزی هاوینی ئەمساڵ بووە.
بەیاننامەکە دەڵێت کە ئەو کۆبوونەوە لە کەشێکی ئەرێنیدا بووە و وتووێژەکان تا ڕادەیەک ئەنجامی هەبووە و لایەنی ئێرانی پاش بیستنی لێدوانی عادل کەریم، لە دۆخی ئێستای عێراق و پێویستی سەرەکیی بە کارەبا بە تایبەت لە وەرزی هاویندا تێگەیشتووە.
لە بەشی کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە هەر دوو لا لە سەر گەیشتن بە چارەسەرێک سەبارەت بە بەڵێنە یاساییەکان، نرخەکان و چۆنیەتی پێدانی بەهای سووتەمەنی هاوردەکراو لە چوارچێوەی میکانیزمێکدا کە بەردەوامی هاوردەی وزە بۆ عێراق لە ساڵی 2022 دەستەبەر بکات، گەیشتوونەتە ڕێکەوتن./.