بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە چاوپێکەوتنی محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و شاندی یاوەری بە ئاماژە بە پەیوەندی و خاڵە هاوبەشەکانی هەر دوو وڵات لە بوارەکانی کەلتوری، سیاسی و ئەمنی، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران سەقامگیری سیاسی و ئەمنیی بەردەوام لە عێراق بە پێویستییەکی نیشتمانی و ناوچەیی دەزانێت و ئامادەیی ئەوەشی هەیە کە وەک ڕابردوو لە سەرجەم تواناکانی بۆ مسۆگەربوونی خواست و ئیرادەی خەڵکی عێراق کەڵک وەربگرێت.
ناوبراو دەستووری عێراقی بە بنەمایەکی گونجاو بۆ تێپەڕبوونی کێشە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە ناو برد و وتی: سەرچاوەکان و سامانی نیشتمانیی عێراق کاتێک دەتوانێت لە پێناو گەشەی هەمەلایەنەی ئەم وڵاتە بەکار بێت کە بەکارهێنان و هەناردەکردنی تەنیا بە چاودێری و بەڕێوەبردنی حکومەتی ناوەندی بێت.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بە ئاماژە بە هەندێک هەنگاوی قبووڵنەکراو کە لە خاکی عێراقەوە لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران ئەنجام دەدرێت، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بە گرتنەبەری تێڕوانینی ووشیارانەی ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەکان، وێڕای چاودێریی تەواوی جموجوڵەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، ئەمریکا و لایەنەکانی سەر بەوان، بە خێرایی و بەوپەڕی هێزەوە وەڵامی هەر هەڕەشەیەک لە دژی ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییەکانی دەداتەوە.
شەمخانی ڕایگەیاند کە گەڕانەوەی عێراق بۆ پێگەی ڕاستەقینەی خۆی لە جیهانی ئیسلام و عەرەب ڕۆڵی بەرچاوی لە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەبێت و وتی: هاوکاریی هەمەلایەنە بۆ هەبوونی عێراقێکی بەهێز، دەوڵەمەند، گەشەسەندوو و سەقامگیری لە دراوسێیەتی ئێران، سیاسەتی هەمیشەیی و نەگۆڕی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
لەو چاوپێکەوتنەدا محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش ڕایگەیاند کە پەرلەمانی ئەم وڵاتە سەرقاڵی پرۆژەیەکی یاساییە کە بوونی هەر هاوکاری و پەیوەندییەک لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بە تاوان دادەنێت و لەم ڕێگایەوە ڕوبەڕوی هەر هەوڵێک دەبێتەوە.
حەلبوسی داوایکرد کە ئێران بە هۆی کاریگەری مەعنەوی لە سەر هەندێک لایەنی مەزهەبی و سیاسی عێراق ڕۆڵی گرنگی لە یەکگرتوویی سیاسی لەم وڵاتەدا هەبێت.
ناوبراو جەختی لە سەر پێویستی پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بە تایبەت بەردەوامیی هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق کردەوە و وتی: هەرچەندە بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە کێشەی پێدانی پارەی گاز و کارەبای ئێران هەیە بەڵام هەوڵی بەردەوام هەیە کە ئەم کێشەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا چارەسەر بکرێت./.