بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حکومەتی عێراق ڕایگەیاند کە دەیەوێت بۆ دابینکردنی گازی پێویستی وێستگەکانی وەبەرهێنانی کارەبا و ئامادەبوون بۆ وەرزی هاوین، گرێبەستێکی نوێ لە گەڵ ئێران واژۆ بکات.
ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند کە بڕیارە شاندێک لە حکومەتی عێراقەوە سەبارەت بە پرسی هاوردەی گازی ئێران بە تایبەت دیاریکردنی نرخەکەی سەردانی تاران بکات.
ئەو بەرپرسە عێراقییە وتی کە شاندەکە سەرەتای ئەم هەفتەیە سەردانی ئێران دەکات و ئەگەری ئەوەش هەیە کە گرێبەستێکی نوێ واژۆ بکرێت کە هەر دوو لا سەبارەت بە نرخی هاوردەی گاز بگەنە ڕێکەوتن.
ئەحمەد موسا وتی کە وەزارەتی کارەبای عێراق پلانێکی بۆ دابینکردنی کارەبای ئەم وڵاتە لە وەرزی هاوینی ئەمساڵ ئامادە کردووە.
هاوکات عادل کەریم سەرپەرشتیاری وەزارەتی کارەبای عێراقیش ڕایگەیاندووە کە دۆخی کارەبا ئەمساڵ باشتر دەبێت./.