بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جوانکاری و وردەکارییەکانی مزگەوتی سوپاسالاری تاران لە هەمان بەشی سەرەکییەوە سرنجی گەشتیاران و سەردانیکەرانی ئەم مزگەوتە ڕادەکێشێت. ئەم مزگەوتە کە کەوتووەتە تەنیشت بینای ئەنجومەنی شورای نیشتمانی، وەک چۆن کە لە ناوەکەیەوە دیارە، لە سەر فەرمانی میرزا حوسێن خان سوپاسالار بونیاد نراوە.
ئەگەرچی تەمەنی میرزا حوسێن خان موڵەتی بینین و تەواوکردنی ئەم بینایەی نەدا بەڵام براکەی بە ناوی یەحیا خان موشیردەولە بووە بەرپرسی تەواوکردنەکەی. بوونی 8 گوڵدەستە و هەروەها گومەزەیەک کە جیاوازیی لە گەڵ گومەزەکانی دیکەی تاران هەیە، وایکردووە کە لە بیناسازییەکەیدا کەڵک لە مزگەوتەکانی تورکیا بە تایبەت مزگەوتی ئەیاسۆفیا وەربگیردرێت.
یەکەم ئەندازیار و بیناسازی ئێرانی واتە میرزا مەهدی خان شەقاقی دیزاینی مزگەوتەکەی کردووە. ناوبراو لە فەرەنسا فێری زانستی بیناسازی بوو و پاش گەڕانەوە درووستکردنی چەندین بینا بە تایبەت بینای ئەم مزگەوتەی لە ئەستۆ گرت. لە ئەندازیارانی دیکەی ئەم مزگەوتە دەتوانین ئاماژە بە کەسانی وەک حەسەن معمار قومی، جەعفەرخان معمار باشی کاشانی و حاجی ئەبولحەسەن معمار بدەین کە ناویان لە ڕووی کاشی و بەردەنووسەکانی مزگەوتەکە بە ڕووی هاتووە.
لە ڕووی جوانکارییەوە ئەم مزگەوتە چەندین بەشی هەیە و زۆرترین کەرەستەش کە بەکار هاتووە خشتە، سەرەڕای ئەمەش ئەو هەموو جوانکارییە کە لە درووستکردنی بینای مزگەوتەکەدا بەکار هاتووە، بووەتە هۆی ئەوەی کە خشتەکانی کەمتر ببینرێت.
لە تایبەتمەندییەکانی ئەم مزگەوتە ئەوەیە کە دوو حەوشەی هاوینە و زستانەی هەیە. لە چواردەوری حەوشەکەش ژوورەکانی تایبەت بە مەلا و خوێندکارە ئائینییەکان دەبینرێت، حەوزێکی گەورەش لە ناوەڕاستی حەوشەکەدا هەیە کە بە حەوزی چل شێر ناسراوە و بۆ دەست نوێژگرتن کەڵکی لێ وەرگیراوە.
کاتژمێرەکەی مزگەوت و قوتابخانەی سوپاسالار بە یەکێک لە 3 کاتژمێرە مێژوویی و پڕبایەخەکەی شاری تاران دادەنرێت. کاتژمێری شەمسولعەمارە و کاتژمێری مزگەوتی موشیرولسەلتەنە دوو کاتژمێری دیکەی مێژوویی شاری تارانن. تاوەری کاتژمێرەکەی ئەم مزگەوتە بەدەر لە ناوخۆی مزگەوتەکە، لە گۆڕەپانی بەهارستانیشەوە دەبینرێت، ئەم تاوەرە بە کاشی جوانکاریی بۆ کراوە و بە یەکێک لە جوانترین تاوەرە کاتژمێرییەکانی ئێران هەژمار دەکرێت.
مزگەوتی سوپاسالار بە بیناسازییە کەم وێنەکەی، یەکێکە لە گەورەترین مزگەوت و خوێندنگە ئائینییەکانی ئێران کە بۆ بەڕێوەبردنی، موڵک و ماڵی دیکە لە لایەن میرزا حوسێن خان سوپاسالارەوە وەقف کراوە.
بۆ بینینی ئەم بینا مێژووییە و شانازیی سەردەمی قاجاڕەکان و ناسرەدین شا، دەبێت بگەنە گۆڕەپانی بەهارستان. وێستگەی میترۆی بەهارستان کەوتووەتە 300 مەتری مزگەوتەکەوە. بینای وەقفکراوی میرزا حوسێن خان سوپاسالار ئێستا وەک ناوەندێکی باڵای خوێندنی ئائینی بە ناوی خوێندنگەی باڵای شەهید موتەهری چالاکیی پێوە دەبینرێت. هەموو کەسێکیش دەتوانێت بیناکە بە سەر بکاتەوە و چێژ لەو هەموو جوانی و جوانکارییەی بیناسازیی سەردەمی قاجاڕەکان وەربگرێت.