بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە کە یادداشتێکی ناڕەزایەتی ڕادەستی باڵیۆزی تورکیا کراوە تا ئەو وڵاتە واز لەم هەنگاوە ئاڵۆزکەرانە بێنێت، هەر بۆیە هێزەکانی تورکیا دەبێت بە تەواوی لە خاکی عێراق بکشێنەوە بە شێوازێک کە پیشاندەری ڕێز لە خاک و سەروەری عێراق بێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەم وڵاتە بە مافی خۆیی دەزانێت بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە بەرامبەر هێرش و دەسدرێژییەکانی تورکیا، هەنگاو و ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر، هێرشێک کە بە بێ هەماهەنگی لە گەڵ حکومەتی بەغدا کراوە.
عێراق کێشەی پەکەکەی بە کێشەیەکی ناوخۆیی تورکیا ناو بردووە کە پەیوەندی بە خاکی ئەو وڵاتەوە هەیە و ڕاشیگەیاندووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی هاوکارییە ئەمنییەکان، ڕێگای گونجاوی مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکان و ڕوبەڕوبونەوەی کێشەکانە./.