بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کە ئاژانسی فەرمی ئەم وڵاتە بڵاویکردووەتەوە، هاتووە کە سەرۆکایەتی کۆمار بە نیگەرانییەوە چاودێری ڕووداوەکانی ئێستا و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر سنورەکان و خاکی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەکات و بە پێشێلکردنی سەروەری و هەڕەشەیەک لە سەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەیزانێت.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: بەردەوامیی هێرشە سەربازییەکانی تورکیا لە ناو خاکی عێراق لە هەرێمی کوردستان بە بێ هەماهەنگی حکومەتی ناوەندی، قبووڵکراو نییە، سەرەڕای ئەوەی کە پێشتر چەندین جار داوا لە ئەنکەرە کراوە واز لەم هێرشانە بێنێت و لە سەر ئەم کێشەیە وتووێژ بکرێت.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق جەختی لە سەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ تورکیا لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و چارەسەرکردنی کێشە ئەمنییەکان لە ڕێگای هاوکاری و هەماهەنگی پێشوەختەوە کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە هەر هەنگاوێکی تاکلایانە ڕەتدەکرێتەوە و دەبێت ڕێز لە سەروەری خاکی عێراق بگیرێت./.