فەڵەستین دۆسیەی یەکەمی جیهانی ئیسلامە، بەردەوام خۆی و خەڵکە قارەمان و خۆڕاگرەکەی لە دڵی موسڵماناندا دەمێننەوە، هیچ پیلانگێڕییەک بە درێژایی چەندین دەیەی ڕابردوو لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کە ببێتە هۆکاری پەراوێزخستن و لەبیرکردنی ئەم دۆسیە گرنگە و ئامانجەکانی گەلی فەڵەستین.
بە دەیان پیلان لە لایەن ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی و بە بەشداری و هاوکاری وڵاتانی عەرەبی تاقیکرایەوە و ئەنجامەکەی تەنیا شکست و سەرشۆڕی بووە و خەڵکی فەڵەستین بە ورە و هێزی زیاترەوە لە پێناو لەناوبردنی دوژمنی زایۆنیستی و گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان خەباتیان کردووە.
لە ماوەی سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا پیلانێکی دیکە بە ناوی ڕێکەوتنی ئابراهام بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی جێبەجێ کرا. چەند وڵاتێکی شوێنکەوتوو و گوێڕایەڵی وەک بەحرەین و ئیمارات پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕژێمە منداڵکوژەکەی ئیسرائیل ئاسایی کردەوە، پێشوازییان لە بەرپرسانی باڵای ئەو ڕژێمە کرد و …. بەڵام ئەنجامەکەی چی بوو؟ ئایا دۆسیەی فەڵەستین بۆ ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی چارەسەر کرا؟ ئایا بەو بەڵێنانەی ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی، ئازادیخوازەکانی فەڵەستین وازیان لە خەباتی خۆیان هێنا؟
بە پێچەوانەوە، دەبینین کە ئێستا خەڵکی فەڵەستین بە ورەی زیاتر و یەکگرتووییەوە ڕاپەڕینێکی نوێیان لە دژی زایۆنیستەکان دەستپێکردووە، گرنگ ئەوەیە کە ئەو خەباتە لە کەرتی خۆرئاوا و ناوچەکانی 1948 ی فەڵەستینە و غەززەش بەوپەڕی ئامادەییەوە خۆی بۆ وەشاندنی گورزێکی گەورەی وەک شمشێری قودس لە ڕژێمی زایۆنیستی و شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان ئامادە دەکات.
لە ڕۆژانی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بەوپەڕی دڕندەییەوە هێرشیان کردە سەر مزگەوتی ئەقسای پیرۆز و بە دەیان نوێژخوێنی فەڵەستینییان بریندار و دەستبەسەر کرد. بەداخەوە کە وڵاتانی عەرەبی و موسڵمان لە بەرامبەر ئەم تاوانەوە بێدەنگ بوون. لەوەش زیاتر، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمانی ئەورووپا و شوێنەکانی دیکە تەنیا لە بەرژەوەندی تەل ئەبیب هەڵوێستیان وەرگرتووە.
ئەوەی لە قودس ڕوو دەدات بەڵگەیە لە سەر زیندووێتی فەڵەستین و بە دڵنیاییەوە ئاهەنگی لەناوچوونی ڕژێمی زایۆنیستی خێراتر بووە و سەرکەوتنی کۆتایی بۆ فەڵەستینییەکان نزیک دەبێتەوە./.