محەممەد حەکیم، وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، سەبارەت بە ڕووداوەکانی قودس و فەڵەستین، وتی: بە بڕوای ئێمە دۆخی فەڵەستین لە لێواری تەقینەوەدایە و ڕژێمی زایۆنیستی نەخشەی دەستبەسەرداگرتن و ڕووخاندنی مزگەوتی ئەقسای هەیە و هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێی دەکات.
ناوبراو وتی کە لەم دۆخەدا چاوەڕوانی قۆناغی دووەمی شەڕی شمشێری قودس دەکرێت.
محەممەد حەکیم وتی کە ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ بەرامبەر بەم پێشێلکارییەی زایۆنیستەکان بەردەوام بێدەنگییان هەڵبژاردووە، ئەوان هەموو کات کە قوربانییەکان موسڵمان بن هیچ دەنگێکیان لێ بەرز نابێتەوە.
ئەو بەرپرسەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە درێژەدا سەبارەت بە هۆکارەکانی بێدەنگیی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: ئاشکرایە کە ترس و لاوازیی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و دوورکەوتنەوەیان لە ئیسلام و ئیمان وایکردووە زایۆنیستەکان بەم شێوازە لە تاوانەکانیان بەرامبەر بە گەلی فەڵەستین بەردەوام بن.
وتیشی کە نەدەبوو ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ئاسایی بکەنەوە.
محەممەد حەکیم لە کۆتاییدا جەختیکردەوە کە بوونی هەر پەیوەندییەکی وڵاتانی ئیسلامی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستیی داگیرکار جێی شەرمەزارییە.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد