بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی سوریا بە توندی ئیدانەی هێرشە دڕندانەکەی ڕۆژی هەینی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا و خەڵکی موسڵمان کرد.
بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی سوریا بە ئاژانسی فەرمی ئەم وڵاتەی ڕاگەیاند کە حکومەتی دیمەشق بە نیگەرانییەوە لە ڕووداو و گۆڕانکارییە مەترسیدارەکانی قودس دەڕوانێت و لەم پێناوەدا ئیدانەی هێرشە نامرۆڤانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و بریندارکردن و دەستبەسەرکردنی سەدان کەسی فەڵەستینی دەکات.
ئەو بەرپرسەی سوریا ڕایگەیاند کە بێدەنگی کوشندەی ئەوەی کە کۆمەڵگای جیهانی ناوی لێدەبرێت لە گەڵ بێ هەڵوێستیی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و پاڵپشتییە بەردەوامەکانی ئەمریکا لە کردەوەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە گەڵ درووستکردنی شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان، کوشتن، ڕووخان و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و موڵک و ماڵی فەڵەستینییەکان، هیچ کام ڕاستییە مێژووییەکان ناگۆڕن و نابنە هۆی ئەوەی خەڵکی فەڵەستین واز لە مافەکانیان بێنن و ڕژێمی زایۆنیستی بووەتە هەڕەشە لە سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان.
ڕاشیگەیاندووە کە فەڵەستن وەک پرسێکی سەرەکی بۆ سوریا و گەلانی عەرەبی دەمێنێتەوە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی سوریا وێڕای ستایشکردنی خەبات و خۆڕاگریی گەلی فەڵەستین بۆ بەرەنگاربوونەوەی زایۆنیستەکان، جەختیکردەوە کە سوریا لە بەرەی پاڵپشتی لە فەڵەستینییەکان دەمێنێتەوە./.