بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرپرسێکی باڵای ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی دەبێت بۆ دڵنیایی لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە باشترین پەیوەندیی لە گەڵ ئێران و تورکیا هەبێت.
ئەنوەر قەرقاش ڕاوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی وتی: ڕاستییە سیاسییە دیپلۆماسییەکان پیشان دەدات کە هەوڵی هاوبەش باشترین ڕێگای گەیشتن بە ئەنجامی ئەرێنییە لە ناوچەکە و بە پێی گۆڕانکارییەکانی ئێستا و بۆچوونە جیاوازەکان، دەبێت کێشەکانمان لە ڕێگای لێک تێگەیشتن و بەلاوەنانی ناکۆکییەکان بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بکەین.
قەرقاش سەبارەت بە ئێران وتی: ئێران وڵاتی دراوسێی ئێمەیە و هەوڵ دەدەین باشترین پەیوەندیمان لە گەڵ ئەم وڵاتە هەبێت.
ناوبراو وتی: ئاسایش و سەقامگیریی ئیمارات هێڵی سورە و بە هەموو شێوازێک دەبێت بەرگری لەم هێڵە سورە بکرێت./.