بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەتائیبی حیزبوڵڵا ڕۆژی هەینی 15 ی نیسان لە بەیاننامەیەکدا دژی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە مزگەوتی ئەقسا و ناوچەکانی دیکەی فەڵەستین هاتە دەنگ و وڵاتانی عەرەبی و حکومەتی عێراقی بە کەمتەرخەمی بە ئامانجەکانی گەلی فەڵەستین و لاوازبوون لە بەرامبەر ئەو ڕژێمە تۆمەتبار کرد.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا لە ڕۆژی هەینی و مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە میانەی بێدەنگی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، پیشاندەری دەستێوەردانی ئەوانەیە کە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئەو ڕژێمە ئاسایی کردووەتەوە و ویستی کپکردنەوەی ئەو دەنگانە دەکەن کە داوای مافەکان و ئازادی بۆ قودس و فەڵەستین دەکەن.
کەتائیبی حیزبوڵڵا ڕایگەیاندووە کە حکومەتی عێراق بەرامبەر بە توڕەیی خەڵک بێدەنگە و پێداگری لە سەر ڕاکێشانی بۆری گواستنەوەی نەوت بۆ عەقبە دەکات تا لەوێشەوە نەوت بگاتە ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمەش لە گەڵ ناردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەو ڕژێمە و ئامانجەکەشی ئەوەیە کە هێزی ئیسرائیل بۆ کوشتنی گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین زیاتر بێت.
لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا جەخت لە سەر بڕینی دەستی ڕژێمی زایۆنیستی لە عێراق و ناوچەکە کراوەتەوە./.