بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەو دامەزراوانەی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە سەرجەم وڵاتان کردووە کە واز لە قەدەغەکردنی هەناردەی مادە خۆراکییەکان و پەینی کیمیایی بێنن و هەنگاوی پێویست و ڕێوشوێنی بەپەلە و هاوئاهەنگ لە بواری ئاسایشی خۆراکدا جێبەجێ بکەن.
لەو بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی چوارشەممە 13 ی نیسان بڵاو کرایەوە، جەخت کراوەتەوە کە شەڕی ئۆکرانیا، کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ئاڵۆزییە بەردەوامەکانی ناوچەیی لە جیهان کێشە و گرفتەکان زیاتر دەکات و بە هەڕشەیەک لە سەر ژیانی ملیۆنان کەس لە جیهاندا دادەنرێت.
پاش شەڕی ئۆکرانیا کە لە 24 ی شوباتی ڕابردوو لە نێوان ئەم وڵاتە و ڕووسیا دەستیپێکرد، وەبەرهێنان و هەناردەی هەندێک مادەی خۆراکی تووشی کێشە بووە، ئەم دوو وڵاتە پشکی بەرچاویان لە وەبەرهێنانی گەنم و دانەوێڵەکانی دیکەدا هەیە.
لە چەند هەفتەی ڕابردوو نرخی هەندێک مادەی خۆراکی لە بازاڕەکانی جیهان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان لە ڕووی هاوردەکردنەوە تووشی کێشەی جیدی بوون.
وڵاتانی هەژار هەڕەشەی زیاتریان لە سەرە
چوار دامەزراوە نێودەوڵەتییەکە لە بەیاننامە هاوبەشەکەی خۆیاندا هۆشدارییان داوە کە ئەم دۆخە گوشارەکانی سەر خەڵک زیاتر دەکات و بە تایبەت بۆ وڵاتانی هەژار و کەم داهات بە هەڕەشەیەکی جیدی دادەنرێت.
ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە شرۆڤەی کاریگەرییەکانی شەڕی ئۆکرانیا پێشبینی ئەوەیکردووە کە ڕێژەی وەبەرهێنانی وڵاتانی جیهان دادەبەزێت. ئەم ڕێکخراوە گرنگترین هۆکارەکەشی بۆ بەرزبوونەوەی بەهای مادە خۆراکییەکان، وزە و کەمبوونەوەی هەناردەی هەر دوو وڵاتی ڕووسیا و ئۆکرانیا گەڕاندووەتەوە.
ڕێکخراوەیە ڕایگەیاندووە کە وڵاتانی هەژار هەڕەشەی جیدییان لە سەرە لە بەر ئەوەی کە ئەوان بەراورد بە وڵاتانی دەوڵەمەند، ڕێژەیەکی زیاتر لە داهاتی خۆیان لە پێناو دابینکردنی مادە خۆراکییەکان بەکار دێنن.
بانکی جیهانیش ڕایگەیاندووە کە کەرتی کشتووکاڵی ئۆکرانیا بە هۆی شەڕی ڕووسیاوە لە زۆربەی ناوچەکانی ئەم وڵاتە تووشی وەستان بووە./.