بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناوەندی فەڵەستین بۆ کاروباری دیلەکان، ئەمڕۆ پێنج شەممە 14 ی نیسان، ڕایگەیاند کە ڕژێمی زایۆنیستی لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا زیاتر لە 200 کەسی فەڵەستینیی دەستبەسەر کردووە.
هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی تەنیا ئەمڕۆ 30 کەسیان دەستبەسەر کردووە، بە تایبەت براکانی شەهید شەئس کوممەجی کە ئەمڕۆ لە جنین شەهید کرا، هێشتا پرۆسەی ڕەشبگیریی زایۆنیستەکان بە هۆی ئاڵۆزییەکانی کەرتی خۆرئاواوە بەردەوامە.
ئەو ناوەندە ڕایگەیاندووە کە داگیرکاران لە سەرەتای ئەم مانگەوە، فەڵەستینییەکانیان لە سەرجەم ناوچەکان کردووەتە ئامانج بەڵام ئەو هەڵمەتە زیاتر لە قودس و جنین بە چڕی دەبینرێت.
ئەو کەسانەش کە دەستبەسەر کراون، بە هەموو شێوازێک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە ڕوبەڕوی ئازار و ئەشکەنجە بوونەتەوە./.