تەیمور عبداللە احمد لەدایک بوی ساڵی ١٩٧٦ دانیشتوی کوڵەجۆی سەربەناحێی تیلەکۆ لەقەزای کەلار،ئەو تاکە ڕزگاربوی نێوگۆڕەبەکۆمەڵەکانی سەماوەیە، ڕزگاربوونی تەیمور موعجیزەیەکی خودای بوو بۆئەوەی هەموو دونیا لەزاری ئەوەوە چیرۆکی تاوانێکی کەموێنە ببیستن چیرۆکێک کەتێیدا ١٨٢هەزار لە ژن ومنداڵ و پیرو گەنج بەبیانوی ئەوەی کە کوردن لەبیبانەکانی سەماوەدا گولەباران دەکرێن و دەکرێن بەژێر گڵی بیابانەوە،تەیمور دوای ئەوەی لەدەست جەلادەکانی بەعس هەڵدێت و خۆی دەگەیەنێتە گوندێک و لەوێش لەماڵێکی عەرەبدابۆماوەی جەندساڵێک خزمەت دەکرێت دواجارو دوای هەوڵ وماندوبونێکی زۆر دەگەڕێتەوە کوردستان
ڕزگاربونی تەیمور دەبێتە مەترسی بۆسەر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس و خودی .”صەدام حسین” پارەیەکی زۆر وەک دیاری تەرخاندەکات بۆ هەرەسێک کە بە کوژراویش بێت ڕادەستی بکەن،چونکە صدام حسین نەیدەویست ئەو تاوانە ئاشکراببێت بۆیە بۆ جێبەجێ کردنی ئەم پلانە موستەشار و جاشەکانی ئەوکات بەدوامدا دەگەڕان، بۆیە ناچار بۆ ڕزگاربونم و ماوەیەک لە گوندە “حەسیرە و میلقاسم”خۆم حەشاردەدا تاوەک و دوای ڕاپەڕین.
٭چۆن توانیت بێیتەوە کوردستان و ئەو خێزانە عەرەبەی کەماوەیەکی زۆر ئێوەیان پاراست بوو چۆن ڕێگەیاندا بەڕێیتەوە؟
من خۆم داوام کرد هاوکریم بکەن بۆ گەڕانەوەم بۆ کوردستان و گەرمیان چونکە دەمزانی ماڵی مامەکانم لەکەلارن و گومانم دەکرد کەبەر شاڵاوی ئەنفال نەکەوتون، بۆیە داوام لە “ساڵەح” کرد کەهاوکارم بێت بۆگەڕانەوەم “ساڵەح”کوڕی ئەو خێزانە عەرەبەبوون کەمن دوای دەربازبونم لە پرۆسەی ئەنفال پەنام بۆیان بردبوو، ئەو لەشاری “زاخۆ” سەربازی عێراق بوو لەسەربازی چەند هاوڕێیەکی کورد لەگەڵدابوو هەرچەندە زۆرباوەڕی بەو هوڕێکوردانەشینەدەکرد،چونکە ترسابولەوەی کەهاوکاری ڕژێمی بەعس بکەن و من بدەن بەدەستەوە و دواجار خۆشیان سزادەدران، بەڵام دواجار توانی پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێیەکیدا دروست بکات بەناوی، ئەسعەد” کە دانیشتوی ئۆردگای “نەسر”بوو لە قەزای شارەزوور وە لەڕێگەی ئەوەوە توانیبویان کەسوکارەکەم بدۆزنەوە.
٭ خزمەکانت چۆن توانییان بگەنە لات و سەردانت بکەن تۆ چۆن ئەوانت بینییەوە؟
دوای ئەوەی مامەکانم لەڕێگەی “ئەسعەد”ەوە تەواو زانیاریەکانی منیان دەست کەوتبوو،ئیدی نەیان توانیبوو زیاتر چاوەڕێ بکەن و ڕۆژێک بەبیانوی کڕینی تراکتۆرەوە هاتبوون بۆ باشوری عێراق،بەڵام بەداخەوە هەوڵەکانیان سەری نەگرتبوو،جاری دووەم و لەساڵی ١٩٩٠ز مامەکانم لە ڕێگەی “ئەسعەد”ەوە ڕێکەوتبوون لەگەڵ “ساڵەح” داو هاتبون بۆ “سەماوە” سەرەتا بەوشێوەیە ڕێک کەوتبوون کە من لەگەڵ منداڵانی گوندەکەدا تێکەڵ بکەن تاوەکو بزانن مامەکانم دەمناسنەوە و لەوەش دڵنیاببنەوە کەئایە بەڕاست ئەوانە مەمی منن؟ بۆئەوەی ڕوبەڕووی گرفت نەبنەوە،بەڵام من کەمامەکانم بەوجل و بەرگە کوردەورییەوە و لەو غەریبیەدا کەهاتبون بۆلام بینیمنەوە خۆمم ڕانەگرت و ڕاستەوخۆ بەپیرییانەوە چوم و هەردوولامان بەگریانەوە باوەشمان بەیەکدیداکرد، پاشادانیشتن و گفتوگۆیەکی زۆر ئەو خێزانە عەرەبە پێداگیریان دەکردو نەیان دەویست من بگەڕێمەوە بۆ کوردستان و دەیان ووت تەیمور کوڕی خۆمانە، دواجار لەسەرئەوەڕێکەوتن مانگیک لەکوردستان بم و مانگێکیش لەسەماوەبم، بەوشێوەیە گەڕامەوە کوردستان.
٭دواجار و دوای گەڕانەوەت پەیوەندی ماڵی مامەکانتو ئەو خێزانە عەرەبە بەکوێ گەیشت؟
بەڕێکەوت “فازڵ” کوڕی ئەو خێزانە عەرەبەی کە من لەماڵیان مامەوە لەناحێی ڕزگاری(سمود) سەرباز دەبێت و نزیک دەبن لەماڵی مامەوە ئیدی لەوێوە پەیوەندییەکی باش لەنێوانماندا دروست دەبێت و چەندجارێک سەردانی ماڵی مامەکانم دەکەن و منیش چەندجارێک لەگەڵ “فازڵ”دا گەڕامەوە سەماوە هەتاوەکو ئەوکاتەی کە بارودۆخی کوردستان و عێراق تێکدەچێت و ڕاپەڕینی کوردستان ڕودەدات و ئیدی نەمتوانی بگەڕێمەوە “سەماوە” و ناچار لەکۆڕەوەکەدا کۆچمانکرد بۆ ئێران.
٭ دوای کۆڕەوە و کۆچی خێزانە کوردەکان بۆئێران چی بەسەر پەیوەندیەکانتانداهات؟
خۆشبەختانە دواجار پەیوەندییەکان دروستبونەوە و هەربەهۆی منەوە بەشێک لەئەندامانی ئەوخێزانە کۆچیان کرد بۆ ئەمەریکاو هەندێکیشیان هەرلەسەر داواکاری خۆم کە داوام لە حکومەتی ئەمەریکا کرد ڕێگەیان پێبدرێت و کۆچ بکەن و خۆشبەختانە حکومەتی ئەمەریکا بەداواکەم ڕازیبوو تائێستاش چی لەگەڵ ئەوانەی ئەمەریکاو چی لەگەڵ ئەوانەشیان کە لە سەماوە ماونەتەوە پەیوەندی باشمان هەیە و ڕۆژانە پێکەوە گفتوگۆ دەکەین.
٭دوای ئەو هەموو ئازار و نەهامەتیانە کەبەهۆی تاوانی ئەنفالەوە بەسەر گەلی کوردا هات حکومەتی هەرێم چی خزمەتێکی بە کەسوکاری کردووە بۆئەوەی لەئازارەکانیان کەمبکاتەوە؟
ناتوانم بڵێم هیچ شتێک نەکراوە هەندێک شت کەمکراوە، بۆنمونە موچەیەکی کەم تەرخانکراوە یاخود چەند یەکەیەکی نیشتەجێ بوون دراوە بەکەسوکاری ئەنفال کەئەمانە شتگەلێکی ئێجگار کەم و کەمبایەخن کەهێندەی ئەو قوربانیدانەو ئازارانانە نابن کە خەڵکی ئێمە چەشتویانە، لەئاست ئەو هەموو قوربانیدانانەدا نییە،چونکە دەزانین تاوانی ئەنفال لەئاستی نێودەوڵەتیدا هەراییەکی لەوشێوەیەی نایەوە کەببێت بەهۆکارێک بۆ دیاریکردنی هێڵی ٣٦ و ئیدی ڕێگە نەدرێت جارێکی دیکە تاوانێکی لەوشێوەیە ڕوبەڕووی کورد نەبێتەوە ئەمەش جۆرێک لە جۆرەکان جێگیربونێکی بۆ کورد دروستکرد، هەرئەمەش بوبەهۆکاری ئەوەی کە سەدان و بگرە بەهەزاران کەس لەپای خوێنی ئەزیزەکانی ئێمە دەوڵەمەندببن،نەک هەرئەوانە،بەڵکو ئەوانەشی کە دەستیان هەبوو لە تاوانی ئەنفالدا ئەمڕۆ لەکوردستاندا ئازادانە دەژین و ئەمەش بووە بەگرێیەکی دەرونی لای کەسوکاری ئەنفالکراوان و واهەست دەکەین کە ڕۆژانە ئەنفال دەکرێینەوە.
٭ لەڕووی دەرونییەوە تائێستاش کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال لەحاڵەتێکی زۆر دژوار و سەختدا دەژین بۆ دەربازبوون لەم دۆخە خراپە دەرونییە چەند بەگرنگی دەزانن حکومەتی هەرێم نەخۆشخانەیەکی تایبەتی بۆ کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال دروستبکردایە بەردەوام چاودێری کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بکردایە ؟
کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالکراوەکان لەهەمووڕویەکەوە خزمەتی پێویست نەکراون،ئێمە نامانەوێت نەخۆشخانەیەکی تایبەتی دەرونی بۆئێمە بکرێتەوە تەنها ئەوەندەمان ئەوێت ئەوکەسانەی کە دەستیان هەبووە لەتاوانی ئەنفالدا دادگای بکرێن،چونکە ئەوانە لەڕوی دەرونییەوە ئازارماندەدەن، من ماوەی چەندساڵێکە لەئەمەریکا دەژیم و دەزانم حکومەت چۆن خزمەت بەو سەربازە ئەمەریکیانە و کەسوکاریان دەکات کە لەجەنگەکاندا قوربانیانداوە، بەڵام لە کوردستان ئەم خزمەتکردنە بونی نییە و لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژانە دەچەوسێنرێینەوە، بەداخەوە گرفتی گەورە ڕوبەڕوومان دەبێتەوە و پێویستی بەچارەسەری خێراهەیە.
٭ لەپرسی هێنانەوەی ڕووفاتی قوربانیانی ئەنفال چۆن دەڕوانن، دەوترێت حکومەتی هەرێم و هێزەکوردییەکان تەنها لەکاتی هەڵبژاردنەکان و یادەکاندا هەرجارو بەشێک لەوڕوفاتانە ئەهێننەوە و ئەوەش تەنها بۆڕاکێشان و جوڵاندنی سۆز و هەستی کەسوکاری قوربانیان و خەڵکی کوردستانە بەلای خۆیاندا؟
من وەک ڕزگاربویەکی تاوانی ئەنفال ماوەی ٣ ساڵە وازم لەهەموو خشییەکیژیانی خۆم هێناوە و سەرقاڵی پرسی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەم و بەدرێژای ئەوماوەیە ڕوی داواکاریم ئاراستەی زۆر بەرپرس و کەسایەتی و لایەن کردووە،بەڵام بەداخەوە ئەوان پرسی گۆڕەبەکۆمەڵەکانیان بەلاوە گرنگ نییەو گرنگی بەوبابەتە نادەن،وەک ڕوداوێکی زۆر ئاسایی لێی دەڕوانن و پێیان وایە ئەمە وەک ڕووداوێکی هاتووچۆ بووەو پێش ٣٣ ساڵ ڕویداوە، ئەوان هەرچی خێروبێری ئەو تاوانەهەیە بۆخۆیان چنیویانەتەوە و ئیتر ئەم پرسەیان بۆگرنگ نییە، لەولاشەوە حکومەتی عێراقی بەەردەوام هەوڵدەدات لە گەورەی ئەو تاوانە کەمبکاتەوە و نایەوێت لەئاستی نێودەوڵەتیدا هەست بەشەرمەزاری بکات و حکومەتی هەرێم و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمیش هاوکاریانەو لەدادگاش ناحەقییان بەرامبەر من و کەسوکاری ئەنفالکراوان کراوە لەسەر ئەوپرسەو ئەو گۆڕانەشی هەڵدراونەتەوە بەشێوازێکی زۆر نازانستی کاریان تێدا کراوە و هەموبەڵگەکان شێوێندراون، بەداخەوە نایانەوێت بکرێت بەتاوانێکی نێودەوڵەتی و پێیان وتوین ئێوە دەتانەوێت ئەم پرسە بەکاربێنن بۆ ئەوەی سەربەخۆی کوردستانی پێبەدەست بێنن.
٭ لەهەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر ڕێکخراوی تایبەت بەپرسی ئەنفال دروستکراون ئێوە چۆن لەڕۆڵ و کاریگەری ئەو ڕێکخراوانە دەڕوانن و ئەم ڕێکخراوانە چی ڕۆڵێکیان هەبووە لە بەرەو پێشچونی کەیسی ئەنفالدا؟
زۆر نیگەرانم لەڕێکخراوەکانی تایبەت بە ئەنفال و بەتایبەت ڕێکخراوەکانی گەرمیان،لەئێستادا بون بە بارگرانی بەسەر کەسوکاری ئەنفالەوە،چونکە ئەو ڕێکخراوانە هەریەکەی سەربەهێز و گروپ و لایەنێکی سیاسییە و ئەو لایەنانە ئەم ڕێکخراوانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکردێنن و هیچ یەک لەوڕێکخراوانە بەشێوەیەکی جدی کاریان لەسەر پرسی ئەنفال نەکردووە و هەموویان بەدوای بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانەوەن ئەگەر نا ئەوە دەبوو لەسەرپرسی گۆڕەبەکۆمەڵکانی ناوچەی سەماوە هەرچی کوردهەیە بهاتبایە بۆ سەماوە و لەپێش هەمووشیانەوە ڕێکخراوەکانی تایبەت بەئەنفال،بەڵام بەداخەوە چەندین جار گریاوم لە پای بێ دەربەستی خەڵکی کوردستان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ئەنفال، بەداخەوە ئەم ڕێکخراوانە تەنها خزمەت بەچینێکی دیاری کراودەکات هەرچەندە لەناو ئەو ڕێکخراوانەدا کەسانی چاک و دڵسۆز بونیان هەیە،بەڵام بەداخەوە ئەوکەسانە زۆر گوێیان لێناگیرێت.
٭لەگەرمیان و بەتایبەت لە ناحێی ڕزگاری و قەزای چەمچەماڵ گۆڕستانێکی تایبەت دروستکراوە بۆ ئەو ڕووفاتانەی کەساڵانە لە سەماوەوە دەهێنرێنەوە ئێوە چۆن لەم پرۆژە دەڕوانن؟
جارێک سەردانی ئەو گۆڕستانەم کردووە کە لەناحی ڕزگری سەربە قەزای کەلارە،بەداخەوە ڕێگریم لێکرا و پیان ووتم دەبێت بەئۆتۆمبێلی حکومییەوە بێیتە ژوورەوە،بەڵام ئەوەندەی بزانم ئەوگۆڕستانە بەگوێرەی پێویست خزمەت نەکراوە و سەوزای و باخچەکانی وشک بون و لەئێستادا ئەوەندەی ئاگاداربم بووە بەشوێنی دانیشتن و کۆبونەوەی گەنجان و هەروەها تائێستا مۆنۆمێنتێکی تێدانییە کە کەرستەو کەلوپەلەکانی تێدا کۆبکەینەوە و هەروەها چەندساڵێکە ژمارەیەک ڕوفاتی ئەنفالکراوان گەڕێنراونەتەوە بۆ کوردستان،بەڵام کەس نازانێ ئەوڕوفاتانە هی کێیە،پشکنیینیان بۆ نەکراوە،لەکاتێکدا زۆرگرنگ بو پشکنیان بۆ بکرێت بۆئەوەی لەڕووی بەنێودەوڵەتی کردنی ئەم پرسەوە گرنگ بوو پشکنینی،
DNA بکرێت بۆ ڕووفاتەکان هەروەها لەڕووی نێودەوڵەتییەوە ئێمە بتوانین ئەم پرسە بەدیۆکۆمێنت بکەین، چونکە ئەگەربمانەوێت ئەمکەیسە بەدونیا بناسێنین و لەسەر ئاستی دونیا کری لەسەربکەین دەبێت بەڵگەمان هەبێت، بەڵام بەداخەوە هیچ بەڵگەیەکمان لانیە، بەداخەوە لەمڕوەوە کەمتەرخەمییەکی زۆرکراوەو بەبڕوای من ئەو پرسەگرنگە زۆر بچوک کراوەتەوە بۆیە لەئێستادا ئێمە دەڵێین نا بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان تائەوکاتەی کەدەبێت بەجدی کاری بۆبکەین و ئەگەر لەداهاتوودا کارمان لەسەریکرد دەبێت نوێنەری وڵاتە زلهێزەکان لەکاتی هەڵدانەوەی گۆڕەکاندا ئامادەبن بۆئەوەی دیمەنەکان بەچاوی خۆیان ببینن، چونکە دیمەنی ئیجگار تراژیدیایی تێدایە، ئێمە بینیومانە ژن هەبووە باوەشی بەسێ منداڵدا کردووە بۆئەوەی گولەباران نەکرێن،ئەمانە دیمەنی ناخ هەژێنن ئەگەر کەسانی دڵسۆزهەبێ ئەم دیمەنانە ناخی هەمووجیهان دەهەژێنێ، بەڵام بەداخەوە نەک ئەوە هەنگاوە نەنراوە، بەڵکو سوکایەتی بە تەرمی قوربانیانی ئەنفالکراوەکان کراوە و لەکاتێکدا بەپێی یاسا هەرگۆڕێکی بەکۆمەڵ کەدەدۆزرێتەوە دەبێت تەلبەندبکرێت و پاسەوانی بۆدابنرێت و دەبێت جێگاکەشی بکرێت بە مۆنۆمێنت.
٭ ئەمڕۆ لەدونیادا هونەر ڕۆڵێکی گەورەو بەرچاودەگێڕێت لە گەورەکردن وبەجیهانی کردنی ڕووداو و کارەسات و تاوانەکاندا، کورد لەمڕوەوە چی هەنگاوێکی ناوە و هونەرمەندانی کورد چی ڕۆڵێکیان گێڕاوە؟
بەداخەوە تائێستا لەڕووی هونەرەوە شتێکی ئەوتۆ نەکراوە بۆ پرسی ئەنفال ئەوەشی کە کراوە پرسی ئەنفالی بچوکتر کردۆتەوە،بۆنمونە لەم ماوەی ڕابردودا بینیمان دکتۆرێک لەڕێگەی دەزاگاکانی ڕاگەیاندنەوە قوربانیانی کیمابارانی هەڵبجەو ئەنفالی بەراوردکرد بەسەگ کە بینیمان لەم ماوەدا کۆمەڵێک سەگ لەناوبراوە، لە درامایەکدا کە لەیەکێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە پەخشکرا سوکایەتی دەکرا بەپرسی ئەنفال کەمن بۆخۆم ڕەخنەی توندم لێگرتن و داوامکرد دادگای بکرێن، بەداخەوە لەڕوی هونەرەوە لەبریمئەوەی پرسی ئەنفال پێشبخرێت و فلیمێک لەسەرئاستی نێودەوڵەتی بەرهەم بێنن کەچی دین بەپێچەوانەوە لەڕێگەی درامایەکەوە دێن سوکایەتی بەپرسی ئەنفال دەکەن،بۆیە بەبڕوای من هیچ شتێک نەکراوەو ئێمە بەحکومی ئەوەی کەدونیای دەرەوەمان دیوە بەئاسای هەست بەجیاوازیەکان دەکەن و دەتوانین جیاوازییەکان و کەموکورتییەکان دەستنیشان بکەین،بەڵام بەداخەوە چەندیک هاواردەکەین کەچی کەس لەئێمە تێناگات،سەرەڕای ئەوەش ئێمە توشی گێروکێشەدەکەن و کەپێمانوایە ئەو گرفتانە تەنها لەپای ئەوەیە کە ئەمانە بەدوای بەرژەوەندی خویاندا دەگەڕێن و کەس گوێ لەئێمە ناگرێت، بۆیە ئێستا بەناچاری ڕێکەوتنمان لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەریتانیداکردووە بۆئەوەی کەچیرۆکی ژیانی من وەک ڕزگاربویەکی ناوگۆڕەەکۆمەڵەکان بکرێت به فیلیمێکی سینەمای کە پێمان وایە بەم ڕێگەیە پرسی ئەنفال لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە،چونکە فلیم بەشێکە لەسیاسەت و ئەمەش وای کردووە ئەمڕۆ لەدونیادا میللەتی وشیار پەنابەرێتەبەر فیلم، چونکە دونیای هونەر دونیایەکی تایبەتەو زمانێکی تایبەتەو بەداخەوە کورد لەم زمانە تێناگات، بەڵام ساڵی پار لەناو هەزاران چیرۆک و بەسەرهاتدا لەبەریتانیا تەنها سێ چیرۆک قبوڵکرا کەیەکێک لەوانە بەسەرهاتی، تەیمور بوو لە پلەی یەکەمی پێبەخشرا کە بکرێت بە فیلمێکی درێژخایەن،کەچی لەکوردستان دەمانبینی ڕەخنەمان لێدەگیراو خەڵکانێک پێیان دەوتین ئەو بەسەرهاتە کۆن بووە ئیدی پێویست ناکات بکرێت بە فیلم.
٭یەکیێک لەو پرسانەی کە ئێوە بەشداربون تیایدا پرسی دادگایکردنی “صدام حسین” بوو، ئێوە لەوکاتەدا چی هەستێکتان هەبو، زیندومانەوەی ئێوە تاچەند گرنگی دەدا بەوپرسەو و بوو بەهۆی ئەوەی هێندەی دیکە ڕووی ڕاستەقینەی ئەوتاوانە دەرکەوێت؟
من ئەوکات لە ئەمەریکا بووم لە لایەن دەزگای CIA ئەمەریکییەوە ئاگادرکرامەوە کە دادگای لەوجۆرە هەیەو پیان وتم دەتەوێت بەشداربیت؟ منیش بەشداریکردنم بە ئەرکی خۆمزانی و وەک شایەتحاڵێک بەشدریم تێداکرد و تاوەنبارەکام بینی لەناو قەفەزی تاواندابوون و دەیانویست منقسەیەک نەکەم دژیان هەستم پێدەکردن کە جۆرێک لەپڕانەوەیان بەدەموچاوە دیاربوو، وەئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵی تایبەت بەهەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان لەڕێکەی داتاشۆوە هەمو بەڵگەکانمان پێشکەشکردن و ئێمەگەورەترین زیانمان بە “صدام حسین”و دارودەستەکەی گەیاند لەڕێگی بەڵگەکانمانەوە،بەڵام بەداخەوە دواجار لەوێشدا غەدرمان لێکرا،چونکە بینیمان تاوانباران بەهۆی تاوانی ئەنفال و تاوانی کیمیابارانی هەڵبجەوە لەسێدارە نەدران و پرسی ئەنفال لەوێشدا پشتگوێ خرا و پێمانوایە بەمەبەستیش ئەوکارەکرا و بینیمان تاوانباران لەسەر تاوانی “دوجەیل” لەسێدارەدران بۆئەوەی ناو و ناوبانگی عێراق نەچێتە ژێر ئەوتاوانانەی کە دەرحەق بەکورد کراوە،بینیشمان لەم دوایەدا دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق تاوانەکەی بەجینۆساید ناسان کەئەمەش زەرەرێکی گەورەی لە نەتەوەی کورددا،چونکە ئێستا لەسەرئاستی نێودەوڵەتی ناتوانین ئەوتاوانە بەجینۆساید بناسێنین،چونکە دونیای دەرەوە پێمان دەڵێن ئێوە وڵاتەکەی خۆتان دانی بەتاوانەکەداناوە ئیتر پێویست ناکات ئێمە بەجینۆساید بیناسێنین.
وتووێژ و نووسین: سەردەشت محەممەد