بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی IFF2022 هەڵبژێردراوەکانی لە شاری لۆس ئەنجلێسی ئەمریکا ڕاگەیاند.
لە سێهەمین خولی ئەم فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەدا فیلمگەلێکی زۆر لە وڵاتانی جۆراوجۆر و لە کیشوەرەکانی ئەمریکا، ئەورووپا، ئەفریقا و ئاسیادا بەشدار بوون کە لە ڕێوڕەسمی کۆتایی ئەم فێستیڤاڵە لە بەشی کورتە فیلم فەریبا عەرەب ئامادەکار و دەرهێنەری ئێرانی دانیشتووی ئەمریکا دوو خەڵاتی بەدەس هێنا.
فەریبا عەرەب لە فیلمی «هێلانەی چۆڵ» دیپلۆمی شانازی و خەڵاتی باشترین ئامادەکاری ئەم خولەی فێستیڤاڵەکەی بەدەس هێنا، هەروەها یاسر تاڵبی دەرهێنەری بەڵگە فیلم خەڵاتی باشترین دەرهێنەری لە بەشی کورتە فیلم بۆ فیلمی «تەنیا نامێنمەوە» بە دەس هێنا. لە بەر ئەوەی یاسر تاڵبی لە کاتی پێشکەش کردنی خەڵاتەکان ئامادە نەبوو، ئامادەکاری فیلمەکە فەریبا عەرەب لە لایەن دەرهێنەرەوە خەڵاتەکەی وەرگرت.
مایکل مدسن کە پێشتر لە چەن فیلم وەک «بیل بکوژە»دا ڕۆڵی بینیوە لەم فێستیڤاڵەدا بۆ کایە لە فیلمی «ئەستێرە بازی» لە دەرهێنانی هاتف عەلیمورادی لە لایەن لێژنەی ناوبژیوانان ڕێزی لێگیرا.
هەروەها ماشا مەنش، ئەکتەری ئێرانی هۆلیوود کە بە زنجیرە فیلمی «ئاشنا بوون لە گەڵ دایک» لە ئێران دا ناسراوە یەکێک لە میوانانی تایبەتی ئەم فێستیڤاڵە بوو.
فەرهاد ئەسلانی ئەکتەری سینەمای ئێران لەم فێستیڤاڵەدا بە هۆی کایە لە فیلمی «ئەستێرە بازی» خەڵاتی باشترین ئەکتەری بەدەس هێنا.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی IFF یەکێک لە فێستیڤاڵەکانی پلەی«Gold»ی ئەمریکایە کە هەموو ساڵێک پێش مەراسیمی فەرمی ئۆسکار لە شاری لۆس ئەنجلێس بەڕێوە دەچێت و هەڵبژێردراوانی لە بەشە جۆراوجۆرەکان ڕادەگەیەنێت.