هەندێک لە شارەزایانی کاروباری ناوخۆیی عێراق لەو بڕوایەدان کە کات بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ماوە و بە لای هەندێکی دیکەوە ئەو ماوە بە یاسا دیاری کراوە، کۆتایی هاتووە و عێراق چووەتە بۆشایی یاساییەوە و ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە بوونی سەرۆکایەتییەکانی ئەم وڵاتە لە پۆستەکانیان بە ڕێڕەوێکی یاساییدا ناڕوات.
بۆ دەربازبوون لە دۆخە چەقبەستووە و ئەو قەیرانەی بەرۆکی عێراقی گرتووەتەوە، چەندین سیناریۆ باس دەکرێت. یەکەم: هەڵوەشانەوە ئەم خولەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نوێ. دووەم: ڕێکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لە سەر پۆستی سەرۆک کۆمار و بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ و سێهەم: خوێندنەوەیەکەی نوێ بۆ ئەو ماوە یاساییە کە دیاری کراوە لە لایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە.
سەبارەت بە سیناریۆی یەکەم، ڕەنگە کەمتر کەس و لایەنێک بێت پێداگری لە سەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نوێ بکات و ئەوەی کە باس لە هەڵوەشانەوەی ئەم خولەی پەرلەمانیش دەکرێت ڕەنگە بۆ گوشارخستنە سەر لایەنە سیاسییەکان و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بێت.
لە سەر سیناریۆی دووەمیش، پێدەچێت ئەگەر لێک نزیکبوونەوە و بنەمایەک بۆ ڕێکەوتن هەبێت لە کورت ماوەدا جێبەجێ نەکرێت، بە تایبەت ئەوەی کە هەر دوو لایەنی کوردی (یەکێتی و پارتی) و هاوپەیمانەکانیان لە عێراق لە هەڵوێستەکانیان پاشگەز نەبوونەتەوە.
بەڵام سەبارەت بە سێهەم سیناریۆ، ڕەنگە بەهێزترین ڕێگای دەربازبوونی عێراق لەم دۆخەی ئێستا بێت. پێدەچێت ئیش و کاری سەرۆکایەتییەکانی عێراق لە بێدەنگی یاساییدا بەم شێوازەی ئێستا بەردەوام بێت و لەو بێدەنگییەدا لایەنە سیاسییەکان لە وتووێژ و ڕاوێژی گەیشتن بە ڕێکەوتن بەردەوام بن./.