بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی کاتیی تاڵیبان ڕایگەیاند کە باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا ڕادەستی دیپلۆماتکارێکی ئەم گرووپە کراوە.
عەبدولقەهار بەڵخی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە وەزارەتی دەرەوە سوپاسی هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەکات.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە تاڵیبان وەک حکومەتێکی یاسایی مافی ئەوەی هەیە کە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ئەفغانستان لە دەرەوەی وڵات بەڕێوە ببات و بەرپرسانە پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی جیهان هەبێت.
پێشتریش چین ڕەزامەندیی لە سەر ئەوە دەربڕیبوو کە دیپلۆماتێکی تاڵیبان لە باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە پەکین بێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تا ئێستا هیچ وڵاتێک بە فەرمی دانی بە حکومەتەکەی تاڵیباندا نەناوە و پەیوەندی فەرمی دیپلۆماسییان لە گەڵ ئەو گرووپەدا نییە./.