بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی ڕایگەیاند کە لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان پەیرەوکردنی ڕێنمایی و سیستەمی خۆراکی درووست، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە کەمکردنەوە و نەهێشتنی قەڵەوی ورگ.
ناوبراو ئاماژەی بە چەند ڕێنماییەک داوە:
1 – خواردنی ماستی بێ چەوری: خواردنی ماستی بێ چەوری بە بەردەوامی، لانیکەم هەفتەیەک سێ جار، ڕۆڵی گرنگی هەیە لە کەمکردنەوە و نەهێشتنی چەوری ورگ و یەکێکە لە خۆراکە گرنگەکان بۆ پارشێو و لە بەربانگیشدا دەتوانرێت بخورێت.
2 – کەمکردنەوەی خواردنی هەندێک خۆراک: کەمکردنەوەی بڕی ئەو خۆراکانەی دەبنە هۆی ئاوسانی سک و زیادکردنی غازات وەک پاقلەمەنییەکان و شیر و ئیشی هەویر بە تایبەت لەو کەسانەی کە نیشانەی تەهیجی کۆڵۆنیان هەیە.
3 – زۆر خواردنی سەوزە و میوە: زۆر خواردنی سەوزە و میوە بە تایبەت سەوزە و میوەی خۆماڵی وەک مزرە، سێو، هەڵووژەی سەوز، ترۆزی و شووتی. زۆر خواردنی سێو بە بێ توێکڵ و مزرەمەنییەکانی وەک سیندی، گرەیب فروت، لیمۆ، پرتەقاڵ، سەوزە گەڵاتۆخەکان.
4 – نەخواردنی شیرینی، ساردەمەنی، ڤاست فود، کەباب، دوگ و سەروپێ.
5 – وازهێنان لە خواردنە گازییەکان: وەک بیبسی، کۆلا، فانتا، سێفن، سپڕایت، شەربەتی گیراوە، شەربەتی میوەی فرێش.
6 – خواردنی 12 پەرداخ یان زیاتر لە ئاو بە شێوازی ڕۆژانە.
7 – وازهێنان لە بنێشت جوین، لە بەر ئەوەی کە دەبێتە هۆی ئاوسانی سک.
8 – وەرزشکردن بە تایبەت وەرزشی ورگ، ڕۆژانە بۆ ماوەی نیو کاتژمێر یان زیاتر.
9 – خواردنی چای سەوز، هەروەها خواردنی چای گوڵە بەیبون یان ئاوی گەڵای جاترە لە پێش نووستن./.