بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، خۆڵبارینەکەی ئێران لە سنورەکانی ڕۆژئاوای ئەم وڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت. شارەزایانی ئێرانی دەڵێن کە لە داهاتوودا خۆڵبارینەکان بە هۆی پرۆژەکانی تورکیاوە لە سەر ڕووبارەکانی دیجلە و فۆرات زیاتر دەبن. تورکیا لەو پرۆژەیەدا کە بە گاپ ناسراوە، ڕێژەی ئاوی ئەو دوو ڕووبارە کەم دەکاتەوە و بەم هۆیەوە دەبێت چاوەڕوانی لەمەش خەراپتر بین کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بینراوە.
بە وتەی شارەزایان، پێویستە وڵاتانی ئێران و عێراق لە ڕێگای وەزارەتەکانی دەرەوەی خۆیانەوە و لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوون بۆ ئەم کێشەیە بکەن کە بێگومان لە ماوەی ساڵانی داهاتوو وەک قەیرانێکی ژینگەیی بەرۆکیان دەگرێتەوە.
بەنداوی ئیلیسۆی تورکیا ڕێگری لە سەدا 56 ی ئاوی دیجلە بۆ عێراق دەکات و ئەمەش بە مەترسییەک لە سەر ناوچەکە دادەنرێت. پرۆژەی گاپی تورکیا بە کردەوە بەشێکی زۆری ئاوی دیجلە و فۆرات دەبڕێت و ئەمەش هۆکارێکی سەرەکیی دروستبوونی خۆڵبارینەکانە.
پرۆژەی گاپی تورکیا 22 بەنداو و 13 وێستگەی کارەبا لە سەر ڕووبارەکانی دیجلە و فۆرات لە خۆ دەگرێت و وا دەکات کە سوریا، ئێران و عێراق ڕوبەڕوی هەلومەرجێکی مەترسیداری ژینگەیی ببنەوە، بە تایبەت لە عێراق ئەم کێشەیە دەبێتە هۆی وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاوی کشتووکاڵی و وشکبوونی زەوییە کشتووکاڵییەکانیش بە هۆکاری دروستبوونی خۆڵبارین و هاتنی لە سنورەکانی ڕۆژئاوای ئێرانەوە دادەنرێت.
بەنداوی ئیلیسۆ کە لە سەر ڕووباری دیجلە لە پارێزگای مێردین لە باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا درووست کراوە، توانای گلدانەوەی 43 ملیار مەتری سێجا ئاوی هەیە و پاش بەنداوی ئەتاتۆرک، دووەم بەنداوی گەورەی ئەو وڵاتەیە. درووستکردنی ئەم بەنداوەش بە هەڕەشەیەکی گەورە لە سەر ئێران، عێراق و ناوچەکە دادەنرێت، لە بوارەکانی کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو و خۆڵبارینەکان، پاشەکشەی کەرتی کشتووکاڵی و کێشە ئابورییە پەیوەندیدارەکان.
لە توێژینەوەیەکدا هاتووە کە پرۆژەی گاپی تورکیا کاریگەریی لە سەر 25 پارێزگای ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئێران دادەنێت بە تایبەت پارێزگای خوزستان کە بە وشکبوونی ئاوی ” هور العظیم ” شەپۆلی خۆڵبارینەکان زیاتر و زووتر دەبن.
لە ڕابردووشدا بەنداوی ئەتاتۆرک لە تورکیا کە لە سەدا 75 ی ئاوی فۆرات گلدەداتەوە و بە توانای گلدانەوەی 50 ملیار مەتری سێجا هێندەی 650 بەنداوی ئێران و نیوەی ئاوی تەواوی بەنداوەکانی ئەم وڵاتە، بەشێک لە سەرچاوەکانی ئاوی عێراقی وشک کردبوو، هۆکارێکی گرنگی دروستبوونی خۆڵبارینەکان و کاریگەرییەکانی لە سەر ئێران بووە.
تەواوبوونی ئەو 22 بەنداوەی تورکیا بەدەر لە زیاترکردنی قەیرانی ئاوی ناوچەکە، وڵاتانی وەک ئێران و عێراق ڕوبەڕوی قەیرانێکی بەربڵاوی ژینگەیی بە لێکەوتە و کاریگەری زۆری ئابوری و کۆمەڵایەتی دەکاتەوە./.