بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شارەزایانی بواری خۆراک بەردەوام جەخت لە سەر گرنگیدان بە ڕێجیمی خۆراکیی تەندرووست دەکەنەوە تا ماوە ماوە جەستە لە ژەهر پاک بکرێتەوە. دەتوانین لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا بە زیادکردنی ئەم خۆراکانە لە ژەمەکانی خواردن، ڕەچاوی هەندێک لەو ڕێجیمانە بکەین.
1 – گرەیپ فروت:
دەتوانن لە کاتی بەربانگ یەک پەرداخ ئاوی گرەیپ فروت بخۆن لە بەر ئەوەی کە بۆ پاک و خاوێنکردنەوەی کۆئەندامی هەرس، سیستەمی گەڕانی خوێن و جگەر باشە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە دەوڵەمەندە بە ئەنتی ئۆکسیدانەکان و ویتامین C. خواردنی گرەیپ فروت نەک تەنیا کەسەکە لە قەڵەوی ڕزگار دەکات بەڵکوو جەستەش لە ژەهر پاک دەکاتەوە.
2 – سپێناخ:
بەدەر لە زیانێکی زۆری خواردنی سپێناخ وەک چارەسەرکردنی کەم خوێنی، بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە، زیادکردنی میتابۆلیزم و بەهێزکردنی ئێسکەکان، سپێناخ دەتوانێت تەواوی جەستە لە ژەهر پاک بکاتەوە، لە بەر ئەوەی کە سپێناخ وەک گسکێک ئیش دەکات کە سەرجەم ژەهرەکان لە جەستە دەکاتە دەرەوە. دەتوانرێت بە شێوازی کوڵاو بخورێت یان لە زەڵاتە زیاد بکرێت یان وەک ئاوی میوە بەکار بهێندرێت.
3 – پرتەقاڵ:
بۆ ژەمی بەربانگ پێویستە یەک پرتەقاڵ یان یەک پەرداخ ئاوی پرتەقاڵی تازە بخورێت لە بەر ئەوەی کە کاریگەری بەرچاوی لە تەندرووستی جەستەدا دەبێت. پرتەقاڵ دەوڵەمەندە بە ڤیتامین C کە سیستەمی بەرگری جەستە بەهێز دەکات و جەستە لە بەرامبەر نەخۆشییەکان دەپارێزێت، میکرۆبەکان لە ناو دەبات و جەستە لە شەڕی ژەهرەکان بە شێوازێکی زۆر کاریگەر ڕزگار دەکات.
4 – سیر:
سیر توانا و کاریگەرییەکی زۆری لە بواری نەهێشتنی ژەهری جەستەدا هەیە، لە بەر ئەوەی کە هەڵگری مادەیەکە بە ناوی ئالیسین کە ژەهرەکان بە تایبەت لە ڕێگای کۆئەندامی هەرسەوە لە ناو دەبات و جەستە لە باشترین دۆخی تەندرووستیدا دەهێڵێتەوە، هەر بۆیە باشترە لە ژەمی بەربانگدا سیر لە خواردنەکان زیاد بکرێت.
5 – کەلەم برۆکلی:
کەلەم برۆکلی دەوڵەمەندە بە تایبەتمەندییە خۆراکییەکانەوە و لە گرنگترینی ئەوانەش، پاککردنەوەی جەستەیە لە ژەهرەکان، لە بەر ئەوەی کە دەوڵەمەندە بە ئەنتی ئۆکسیدانەکان. زیادکردنی کەلەم برۆکلی لە خواردنەکانی ژەمی بەربانگ، بە تایبەت بە شێوازی سوپ، بۆ دڵنیابوون کە سوودە زۆرەکانی، بە ڕێگایەکی باش دادەنرێت.
6 – چای سەوز:
خواردنی کوپێک چای سەوز بە ماوەیەکی کەم لە پاش خواردنی بەربانگ شتێکی باشە. چای سەوز دەوڵەمەندە بە ئەنتی ئۆکسیدانەکان کە میتابۆلیزم باشتر دەکات و یارمەتیدەری کێشێکی باش دەبێت. یەکێک لە سوودەکانی خواردنی چای سەوز ئەوەیە کە بە شێوازێکی سرووشتی جەستە لە شەڕی ژەهرەکان پاک دەکاتەوە.
7 – گوڵەبەڕۆژە:
گوڵەبەڕۆژە هەڵگری فیبر و فولاتە کە سوودی ئاڵتوونییان بۆ جەستە هەیە، لە بەر ئەوەی کە تەندرووستی جەستە دەپارێزێت و لە ژەهرەکان خاوێنی دەکاتەوە.
8 – ئەڤەکادۆ:
ئەڤەکادۆ بە خواردنێکی بەسوود بۆ جەستە دادەنرێت و دەوڵەمەندە بە ئەسیدی چەوری ئۆمێگا 3 و یارمەتیدەری جەستە دەبێت تا ژەهرەکانی پاک بکاتەوە. هەر بۆیە پێویستە لە مانگی ڕەمەزان لە هەر دوو ژەمی بەربانگ و پارشێو لە خواردنەکان زیاد بکرێت.
9 – زەردەچەوە:
زەردەچەوە بە تایبەتمەندییە دژە میکرۆبییەکانی دەناسرێت و یەکێک لە مادە کاریگەرەکانە کە ژەهری جەستە پاک دەکاتەوە. زیادکردنی زەردەچەوە لە ژەمەکانی خۆراکی مانگی ڕەمەزان دەبێتە هۆی ئەوەی کە جەستەی ئێوە لەم مانگە پیرۆزەدا لە شەڕی ژەهرە زیانبەخشەکان ڕزگاری بێت./.