بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و هەروەها ئەو سزا و گەمارۆیانەی کە لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپییەوە لە دژی مۆسکۆ جێبەجێ کراون، کێشەی زۆریان لە سەر ئاستی جیهان خستووەتە بەردەم مۆسکۆ.
ئامارەکانی بانکی ناوەندیی ڕووسیا پیشان دەدات کە ڕێژەی سەرمایەگوزاری دەرەکی ئەم وڵاتە 482 ملیار دۆلارە کە سەرمایەگوزاری دارایی، بانکی، حکومی و کەرتی تایبەت لە خۆ دەگرێت.
لە نێو ئەو 10 وڵاتەی کە بوونەتە ئامانجی ئەم سیاسەتە ئابورییەی ڕووسیا، ناوی هیچ وڵاتێکی عەرەبی نابینرێت، قوبرس لە ڕیزی یەکەمی ئەو وڵاتانەدایە کە زیاترین ڕێژەی سەرمایەگوزاری ڕووسیای تێدا کراوە و لە پلەکانی دواتردا ناوی هەر یەکە لە هۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپی و تەنانەت سەنگافۆرەش دەبینرێت.
سەبارەت بە وڵاتانی عەرەبی، زیاترین هاوکارییەکانی ڕووسیا بۆ کەرتی نەوت و غاز دەگەڕێتەوە کە لە عێراق و میسر دەبینرێت. هەروەها ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی وەک هاوردەی گەنم لە ڕووسیا. بەدەر لەمەش گەشتیارانی ڕووسیا سەرچاوەی داهاتی باشی ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبین، وەک میسر، تونس، مەغریب و ئەردەن.
ئەگەرچی ڕووسیا پەیوەندییەکی باشی لە گەڵ زۆربەی وڵاتانی عەرەبی هەیە، بەڵام لە پاش هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤییەت، پەیوەندی وڵاتانی عەرەبی و ڕووسیا لاواز بووە و زۆربەی ئەو وڵاتانە لە بەرەی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپیدا بوون. لە پاش گەیشتنی ڤلادیمیر پوتین بە دەسەڵاتی ڕووسیا تا ڕادەیەک گۆڕانکاری لەو دۆخەدا کرا و ڕووسیا بووە لایەنێکی گرنگ لە پەیوەندییە دەرەکییەکانی وڵاتانی عەرەبی.
سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە نیسانی ساڵی 2019 ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی 400 پرۆژەی وەبەرهێنانی بە بڕی 40 ملیار دۆلار لە وڵاتانی عەرەبی جێبەجێ کردووە کە پشکی کۆمپانیاکانی ڕووسیا لەو پرۆژانەدا 25 ملیار دۆلار بووە، زۆربەی ئەو وەبەرهێنانەش لە میسر و ئیماراتدا کراوە.
سانی بن ئەحمەد زیودی وەزیری ڕاوێژکار لە کاروباری بازرگانی دەرەکی ئیمارات ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی لە سەدا 90 ی وەبەرهێنانی دەرەکی ڕووسیای لە وڵاتانی عەرەبی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە و 4 هەزار کۆمپانیای ڕووسیا لە ئیمارات چالاکی دەکەن، وێڕای ئەوەش لە سەدا 80 ی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی وڵاتانی عەرەبی لە ڕووسیا پەیوەندی بە وڵاتی ئیماراتەوە هەیە.
لە ئابی ساڵی 2020، مەکیسم مەکسیمۆف باڵیۆزی ڕووسیا لە بەغدا ڕایگەیاند کە سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی وڵاتەکەی لە کەرتی نەوت و غازی عێراق گەیشتووەتە 13 ملیار دۆلار. ئەڵبەت ناوبراو ئاماژەی بە ساڵانی دەستپێکردن و بەردەوامیی ئەم وەبەرهێنانە نەکرد و لێدوانەکەی هێندە ڕوون نەبووە، ئەگەرچی گومان لەوەدا نییە کە ڕووسیا بوونێکی ئاشکرا و بەرچاوی لە پرۆژە نەوتییەکانی عێراقدا هەیە.
سەرەڕای هەموو ئەم ئامارانەش، لە نێو 10 وڵاتی یەکەمی خاوەن زیاترین ڕێژەی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لە وڵاتانی عەرەبی لە ساڵانی 2019 و 2020 ناوی ڕووسیا نابینرێت.
دەتوانین بڵێین کە پرسی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی ڕووسیا لە وڵاتانی عەرەبی و بە تایبەت لە میسر زیاتر ڕەهەندی میدیایی هەیە تا ڕاستییەکان باس بکات. بۆ نموونە، میسر ڕایگەیاندووە کە 467 کۆمپانیای ڕووسیا لەم وڵاتەدا وەبەرهێنانیان کردووە، کە ئەڵبەت ژمارەیەکی زۆرە بەڵام کاتێک ڕێژەی وەبەرهێنانەکەیان تاوتوێ دەکەین دەبینین کە ئەو وەبەرهێنانە لە 60 ملیۆن دۆلار تێپەڕ نەبووە.
زۆربەی ئەو وەبەرهێنانەش لە کەرتی گەشتیارییە و ئەو کۆمپانیایانەش کە لەم بوارەدا چالاکی دەکەن سەرمایەیەکی ئەوتۆیان نییە. بۆ نموونە، کۆی گشتی سەرمایەی کۆمپانیای تیزتۆر کە لە کەرتی گەشتیاریدا چالاکی دەکات تەنیا 9.9 ملیۆن دۆلارە یان کۆمپانیای سیما کە لە وەبەرهێنانی چیمەنتۆ و ڕێگاوباندا چالاکی دەکات تەواوی سەرمایەکەی تەنیا 1.4 ملیۆن دۆلارە.
هێشتا زووە باس لە داهاتووی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی ڕووسیا لە وڵاتانی عەرەبی بکرێت. ئەڵبەت لەم ماوە کەمەدا کەرتی گەشتیاری کاریگەریی لە قەیرانی ئۆکرانیا وەرگرتووە.
هەروەها چالاکییەکانی ڕووسیا لە کەرتی نەوت و غازی وڵاتانی عەرەبی ڕاناگیرێت لە بەر ئەوەی کە ئەم کەرتە تا ئێستا وەک پێویست نەکەوتووەتە بەر سزا و گەمارۆکان، وێڕای ئەوەی کە وڵاتانی عەرەبیی هاوبەشی ڕووسیا لەم بوارانەدا ئامادە نین بە ئاسانی واز لەو دەرفەتە بێنن.
بە پێی ئەوەی کە سیناریۆکانی شەڕی ئۆکرانیا دیار نییە، ناتوانین بە دڵنیاییەوە باس لە داهاتووی چالاکییە ئابورییەکانی ڕووسیا لە وڵاتانی عەرەبی بکەین. بەڵام دەتوانین ئەم ڕاستییە باس بکەین کە وەبەرهێنانی ڕووسیا لەم وڵاتانە هێندە ڕکابەرێکی وەهایان نییە کە نەتوانن وازی لێ بێنن، لە بەر ئەوەی کە تەنیا کەرتی نەوت و غاز و گەشتیاری لە خۆ دەگرێت کە ڕووسیا خاوەن تەکنۆلۆژیایەکی زۆر پێشکەوتوو لەواندا نییە و ڕێژەی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارییەکەشی لە ئاستی هەر وڵاتێکی ئەورووپی و ئاسیاییدایە./.