بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بینای بەهارستان، کۆشکی بەهارستان یان ئەنجومەنی نیشتمانیی ئێران ناوی بینایەکی مێژووییە لە کۆمەڵەی بەهارستانی تاران و پەیوەندی بە سەدەی 13 ی کۆچی هەتاوییەوە هەیە. لەم بینایە بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی ئێران کەڵک وەرگیراوە. بیناکە جارێک تۆپباران کرا و سێ جاریش سووتاوە.
بینای مەشروتە (مۆزەخانەی پەرلەمان) و یان ئەنجومەنی نیشتمانیی ئێران لە ڕاستیدا کۆشکی میرزا حوسێن خانی سوپاسالار بووە کە لە ساڵی 1295 ی کۆچی مانگی لە لایەن ئەندازیارێکی بەناوبانگی ئێرانی بە ناوی میرزا مەهدی خان شەقاقی درووست کراوە. میرزا حوسێن خان کە یەکێک لە سەرۆک وەزیرەکانی ناسرەدین شای قاجاڕ بووە، چارەنووسێکی باشتر لە ئەمیر کەبیری نەبوو، سەرەتا بۆ شاری مەشهەد دووریان خستەوە و پاشان ژەهراوییان کرد.
پێشینەی مێژوویی
بە پێی ئەوەی کە باخی بەهارستان یەکێکە لە شوێنە مێژووییەکانی تاران و بینا گرنگەکانی وەک مزگەوت و قوتابخانەی سوپاسالار، بینای بەهارستان، بینای عەزیزیە و … لەم باخەدا بوونیان هەیە، پێویستە بە کورتی زانیارییەکی لە سەر بڵاو بکرێتەوە. لە دەیەی 1280 ی کۆچی مانگی بەرامبەر بە 1860 ی زائینی کردنەوەی بینا و تاوەرە و دەروازەکانی تاران دەستیپێکرد، بەو کۆمەڵە پرۆژەیە باروی ناسرییان دەوت و تاران وەک دارولخەلافەی ناسری ناوبانگی دەرکرد و زەوی و باخی بەهارستان لە بەشی باکوری ڕۆژهەڵاتی شارەکەوە بوو. ئەم کۆمەڵە بینایە لە سەردەمی ڕەزاشا بە هۆی زیاتربوونی ڕێژەی دانیشتووان و پەرەسەندنی شار ڕووخا و بەهارستان بە تەواوی کەوتە ناو شاری تارانەوە.
ئەو زەوییەی کە بە سوپاسالار و بەهارستان ناوی نراوە لە سەرەتای سەردەمی قاجاڕەکان ناوێکی تایبەتی نەبوو و بەشی ڕۆژئاوای ئەم زەوییە لە سەردەمی فەتحعەلی شا بە ناوی جڵەوخانی باخی نیگارستان (گۆڕەپانی بەهارستانی ئێستا) ناو دەبرا. لە ساڵی 1285 ی کۆچی مانگی واتە 38 ساڵ پێش شۆڕشی مەشروتییەت، میرزا حوسێن خان سوپاسالاری قەزوێنی کە سەرۆک وەزیران و ڕاوێژکاری ناسراوی ناسرەدین شا بووە، بەشێک لە زەوی و باخی محەممەد حەسەن خان سەردانی ئیروانی ناسراو بە باخی سەردانی کڕی و لەوێ بەدوا بە ناوی باخی سوپاسالار ناو دەبرا. لە سەر ناونانی ئەم باخەش چەندین گێڕانەوە هەیە. یەکەم: ئەوەی کە سوپاسالار منداڵێکی نەبووە و ناسرەدین شا بۆ ڕێگری لە لەبیرکردنی ناو و یادی سوپاسالار، ناوی ئەو باخ و بینایەی بە بەهارستان ناوە. دووەم: ئەوەی کە ئەو باخ و بینایە هەر لە سەرەتای درووستکردبی لە لایەن سوپاسالارەوە بە ناوی بەهارستان ناو براوە. کۆمەڵەی بەهارستان چەندین بینای وەک مزگەوت، قوتابخانە، ئاو عەمبار، کارێز، باخ و خانوو لە خۆ دەگرێت لە ڕووی هونەری و جوانکاریشەوە تایبەتمەندییەکی زۆری هەیە.
کۆشکی بەهارستان یان بینای مەشروتە
کۆشکی بەهارستان یان بینای ئەنجومەنی نیشتمانیی ئێران نەک تەنیا بینای یاسادانان بوو بەڵکوو لە ڕووی بیناسازیشەوە سرنجی شارەزایان و مێژووناسانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە.
میرزا حوسێن خان سوپاسالاری قەزوێنی لە ساڵی 1289 ی کۆچی بڕیاریدا چەندین بینای گەورە بە تایبەت کۆشکی بەهارستان لە زەوییەکانی بەهارستاندا بکاتەوە. ناوبراو هەوڵی گۆڕینی سیمای شاری تارانی دەدا. گرنگترینی بیناکان، بینای بەهارستان یان کۆشکی بەهارستان وەک شوێنی ژیانی سوپاسالار بوو. ئەم بینایە ئەمڕۆ وەک بینای مەشروتە یان ئەنجومەنی نیشتمانیی ئێران دەناسین. بەشێک لە بیناکە کراوەتە مۆزەخانەی پەرلەمان و بەشێکی دیکەی بۆ کاروباری تەشریفاتییە و بەشێکی دیکەشی بۆ بەڕێوەچوونی کۆڕ و کۆنفرانسە جیاجیاکان بەکار دێت. کۆمەڵەی بەهارستان زیاتر لە 5 هێکتارە.
پاش کۆچی دوایی سوپاسالار، ناسرەدین شای قاجاڕ بە بێ هیچ پاساوێکی یاسایی و شەرعی، دەستی بە سەر ئەم کۆمەڵەدا گرت و بینای ئێستای مەشروتەی وەک شوێنێکی تایبەت بە خۆی و حکومەتەکەی دیاری کرد و لەو کاتەوە بوو کە ڕێوڕەسمی پێشوازی لە میوانانی ناوخۆیی و بیانی برایە کۆشک و کۆمەڵەی بەهارستان.
لە کاتی سەرکەوتنی شۆڕشی مەشروتە و بە فەرمانی موزەفەرەدین شا، کۆشکی بەهارستان کرایە پەرلەمان. پاش مردنی موزەفەرەدین شا، محەممەد عەلی شا دژایەتی ئەو پەرلەمانەی کرد کە بڕیار بوو دەسەڵاتەکانی سنوردار بکات و لە پیلانگێڕییەکدا ڕایگەیاند کە باوکی لە کاتی پەسەندکردنی سیستەمی مەشروتەدا نەخۆش بووە و بەم فەرمانەش مەشروتییەتی هەڵوەشاندەوە. بەشێک لە شازادەکان و کەسایەتییەکانی دیکەش خەڵکیان لە دژی پەرلەمان هان دەدا.
شەڕی نێوان محەممەد عەلی شا و پەرلەمان هێندە چووە پێشەوە کە نوێنەران و ئازادیخوازەکانی وەک میرزا جەهانگیرخان بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی سوری ئیسرافیل، سەید جەمالەدینی ئەسفەهانی و محەممەد ڕەزای شیرازی بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی موساوات، حاکم قەزوێنی و عەلی ئەکبەر دهخودا لە بەهارستان مانگرتنیان ڕاگەیاند و ژمارەیەکی دیکەش خۆیان پڕچەک کرد.
ڕۆژی سێ شەممە 2 ی پوشپەڕی ساڵی 1287 ی کۆچی هەتاوی، سەربازەکانی محەممەد عەلی شا بە فەرمانی لیاخوفی ڕووسی لە سێ قۆڵەوە بەرەو بینای پەرلەمان ڕەوانە کران و پەرلەمانیان تۆپباران کرد. بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمان کوژران و زیانێکی زۆریش گەیشتە بیناکە. ئەم بینایە سێ جاریش سووتاوە.
بیناکە لە ساڵانی 2004 و 2005 بەشێک لە کتێبخانەی ئەنجومەنی شورای ئیسلامیی ئێران بووە./.